زۆر جار باس لە ئازادیەکانی رۆژنامەوانی و پێشێلیەکاندا لە هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا وەکو ئاماژە پێی دەکرێ هیچ سنوورێک بۆ پێشلکاریانە دانەنراوە. ئاخۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە خولی ئاییندەیدا چی لەو بارەیەوە لە دەست دێت و چی دەبێ بکات؟
مەم بورهان قانع ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی نەوەی نوێ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەرک و بەرپرسیاریەتی پەرلەمان زۆر گرنگ و کاریگەرە لەسەرئازادیە گشتیەکان وە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنووسی، بە نیسبەت منەوە وەکو پەرلەمانتارێک لە نەوەی نوێ ئەوەی کە گرنگە بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا یەکێکە لەو ناوچانەی باس لە ئازادی رۆژنامەنووسی ئەکرێ، ئەگەر نەخرێتە ناو لیستی ڕەشەوە لە ناو لیستێکی خۆڵەمیشدایە کە پێشلکاریەکی بێ ئەندازە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ".
کاک مەم هەر وەها دەڵێت " بەشێکی ئەم کەم و کۆریانەی کە پەیوەندی بە ئازادی رۆژنامەگەریەوە هەیە، بەشێکی پەیوەندی بە نەبوونی یاساکانەوە هەیە لە رووێ چوارچێوەی کاری ئازادی رۆژنامەنووسی وە فراوانترکردنی ئەو پانتاییە وە بەشێکی تری لە پەیوەندی بە بەشێک لە بڕگە و یاساکانی رۆژنامەگەریەوە هەیە...".
کاک مەم دەشڵێت " ئێمە هەوڵێک ئەدەین، کارێک ئەکەین لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەی لە خەمی ئازادیە گشتیەکان و ئازادی رۆژنامە نووسیدان، کار ئەکەین بۆ ئەوەی زۆرینەی دەنگی بۆ کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی دەستکاری ئەو یاسایانە بکرێت و هەموار بکرێنەوە بە شێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و کاری دیمۆکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بێت ".