دەکرێت بڵێین ئەرک و ئامانجی هەرە سەرەکی میدیا، ناساندن و باسکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانە لە بەرامبەر هەر هەموو دۆسێکانی تری کۆمەڵگە.
ئەگەر میدیا لەبەردەم ئەم ئەرکەیدا بە شێوەیەکی بابەتیانە سەروسەودا نەکات ئەوا دەکەوێتە ڕەوشیکی تابڵێی نەخوازراوەوە و لەوانەشە ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ چەواشەکاریی، ئەمە ئەگەر نەبێتە سەرچاوە سەرەکییەکە.
وەک زۆرێک لە پسپۆڕان جەختی لێدەکەنەوە، میدیا نێوەندێکی ئێجگار گرنگە و هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە و دەتوانێت ببێتە دەنگ و ڕەنگێکی ڕاست و دروستی خواستەکانی کۆمەڵگە، ئەڵبەت ئەگەر میدیا بە باشی بەکارهێنرا ئەوا بەبێ هیچ گومانێک دەتوانێت بەرچاو ڕوونیەکی تەواو بە کۆمەڵگە بدات و ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەکرێت وەک کردەیەکی بە هاناوە چوونی کۆمەڵگە دابنرێت.
میوانی بەرنامە:
چۆلی ئەسعەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان
لێرەدا ناکرێت کاری میدیاکاران فەرامۆش بکرێت لە گەیاندنی ئەو ئەرکانەدا. میدیاکاری باش دەتوانێت لەکەمترین ماوەدا بە شێوازێکی گونجاوی پێشکەشکردنەوە سەرنجی وەرگر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و وەهای لێبکات ببێتە بەشێک لەو دیالۆگ یان ئەو بابەتەی پێشکەشی دەکات و وەرگر بخاتە بەردەم بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە بۆ ئایندەی خۆی، یانیش ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بڕیارانەی وەرگر کە پەیوەندییان بە دۆسێکانی کۆمەڵگەکەیەوە هەیە.
چۆلی ئەسعەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە کتێبەکەیدا (تەلەڤزیۆن، هونەری نوسین و پێشکەشکردن) هەوڵی ڕاڤەکردنی ئەم ڕەهەندەی میدیا دەدات و تیایدا باس لە چۆنێتی ئامادەکردنی هەواڵ و ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی و هونەری بێژەری دەکات. لەم بەرهەمەیدا چۆلی ئەسعەد کە مامۆستای زانکۆشە، سەنگیی دەخاتە سەر بەکارهێنانی هونەری وتووێژکردن لە تەلەفزیۆن و ئەو پرسیارانەی لە میوانەکان دەکرێن و هەروەهاش کاریگەرییەکانی زمانی جەستە لە تەلەفزیۆندا.
وەک چۆلی ئەسعەد پێشتر لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی پێکردووە "ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ناساندن و تێگەیشتن لە کارکردن لە تەلەفزیۆن و رێکارەکانی چۆنیەتی نوسین و پێشکەشکردنی هونەرەکانی کاری تەلەفزیۆنی، هەروەها رێگای کارکردن لە تەلەڤزیۆن بۆ فێرخوازان دەکاتەوە.".
ئایا دەرفەتەکان بۆ ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستاندا یەکسانن؟
ئایا مەرجە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بۆ ڕۆژنامەوانان سنورداربن؟
بۆچی جیاوازی لە تێگەیشتنی چەمکی ئازادییەکان هەیە لە نێوان دەسەڵات و ڕۆژنامەواناندا؟
چۆلی ئەسعەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: