Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: شەماڵی عەبەڕەش


ئەگەرچی زیزبوونێک یان ساردییەک کەوتۆتە نێوان بینەر و شانۆوە، بەڵام ناکرێت نکوڵی بکرێت لەوەی کاتێک هەواڵ بڵاودەبێتەوە کە هونەرمەندێکی وەک شەماڵی عەبەڕەش لەسەر شانۆ دەبێت ئەوا هەست دەکەیت بینەران هەموو زیزبوون و ساردییەکانی خۆیان فەرامۆش دەکەن و ئاشتبوونەوەیەک ئەگەر کاتییش بێت دێتە ئاراوە لەگەڵ شانۆدا.

ئەم هونەرمەندە ئەکتەرەمان خاوەنی ئەزموونێکی ئێجگار بەرفراوانە لە شانۆ و دراما و هەروەها سینەماشدا، نواندنیش لە هەر یەکێکیاندا بۆ شەماڵی عەبەڕەش تام و چێژ و بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی و جیاوازی هەیە و لە هەر یەکێکیشیاندا وەک زۆرێک لە هونەرمەندەکانی هاوڕێی دەڵێن هێندە لە ڕۆڵی کاراکتەرەکەیدا قاڵ دەبێتەوە، ئەگەر پێشتر نەتناسیبێت ناڵێیت ئەمە شەماڵە، زۆربەی جاریش ئەو کاراکتەرانە بە نمونە دەهێننەوە کە شەماڵی عەبەڕەش تیایدا بۆتە باوکێک یان پیاوێکی ڕەق و بێبەزەیی.

دیمەنێک لە شانۆگەری "کابرا سەیرەکە" 1985
دیمەنێک لە شانۆگەری "کابرا سەیرەکە" 1985

شەماڵی عەبەڕەش بۆخۆی نوسیویەتی "شانۆ بێت یان دراما یان سینەما، تەنیا لەوەیا جیاوازی هەیە لای من شانۆ ڕاستەخۆیە، بەڵام دراما و فیلم ئامێرێک لە نێوان تۆ و بینەردا هەیە."

دیمەنێک لە شانۆگەری "سەلەی نانکەر" 1982
دیمەنێک لە شانۆگەری "سەلەی نانکەر" 1982

هونەر خاوەنی بەها و مانایەکی بەرز و قوڵە و هەمیشەش پەیامێی پێیە دەیگەیەنێت و هەرگیزیش ئەوە بە دوور نەزانراوە ئەو پەیامە پڕ لە بەها و لێوان لێو لە ماناکانی جوانی ببنە مایەی دروستبوونی ئەو شاڕێیەی فەرهەنگە جیاوازەکانی ناو ئەم جیهانە پێکەوە دەبەستنەوە و هەر فەرهەنگێک دەتوانێت لەڕێی ئەو پێکگەیشتنەوە بەرەوپێشچوونە شارستانیەتییەکانی خۆی بە بەرامبەرەکانی بناسێنێت. دەشێت هەر ئەمەش یەکێک بێت لەو هۆکارە سەرەکییانەی وەهای کردبێت شەماڵی عەبەڕەش لە هەر شوێنێکی ئەم دنیابەرینەدا بێت دەستبەرداری هونەر نەبێت.

دیمەنێک لە فلیمی دەریایەک لە بیرەوەری
دیمەنێک لە فلیمی دەریایەک لە بیرەوەری

نواندن بێت یان تەنانەت چڕینی گۆرانی بێت، شەماڵی عەبەڕەش دەخوازێت درێژە بە ڕێی کاروانە پڕ لە بەخششەکەی بدات.
لێتانی ناشارمەوە بۆخۆم زۆر بە دەگمەن تەبام لەگەڵ وتنەوەی گۆرانییەکدا بەڵام هەر جارێک گوێم بۆ دوو ئاوانەکەی هونەرمەندی پایەبەرز و ڕەوانشاد "ڕەفیق چالاک" ڕادێرابێت ئەوا دەسبەجێ سۆزی دەنگی شەماڵی عەبەڕەشیشم هاتۆتەوە یاد و هێندەی تر سەرسامی کردووم بەو ئاوازە ناوازەیە.

دیمەنێک لە شانۆگەری "دەرگا" بەرلین 2007
دیمەنێک لە شانۆگەری "دەرگا" بەرلین 2007

ئایا شانۆی کوردی لە کوێی شانۆی ئەوروپادایە؟

ئایا دەکرێت ڕۆژێک بێت بینەر و شانۆی کوردی بەتەواوەتی ئاشت ببنەوە و هیچ گرێیەک لە نێوانیاندا نەمێنێتەوە؟

بۆچی شەماڵی عەبەڕەش زیاتر وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ نەناسرا؟

ئایا دراما تەلەفزیۆنیەکان و فلیمی سینەما زیانیان لە شانۆ داوە؟

هونەرمەند شەماڵی عەبەڕەش لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:13 0:00

XS
SM
MD
LG