نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا جەیمس جێفری دەڵێت پڕۆسەی سیاسی بەشێکی زۆر گرنگی تەواوی ستراتیژی ئێمە بوو بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی ناکۆکییەکان لە سوریادا.
باڵیۆز جێفری لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحوڕە دەڵێت بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو پرۆسە سیاسییە ئەوەی ئێمە دەیکەین لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکان کار دەکەین لەگەڵ ڕوسیا و لە هەمو گرنگتر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپزسیۆنی سوریا و هەمو لایەنەکان تا بزانین چۆن هێزە بیانیەکان بە تایبەی ئێرانییەکان لە سوریا دەربچن.
بەڕێز جێفری گوتیشی ئەمەریکا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیدا کار دەکات تا دڵنیا بێت لەوەی هاوکارییەکانی بونیاتنانەوە نەڕوات بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی دیمەشق هەتا ئەو کاتەی، ڕژێمی سوریا هاوکاری هەوڵەکانی نێونەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە نەکات و هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام نەدات و کۆمیتەیەک بۆ داڕشتنەوەی دەستوور دانەنێت و هەمو ئەستەنگەکانی بەردەم ئاشتی لانەدات.
نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا باسی لە ڕۆڵی ئێرانیش کرد و گوتی هەبوونی ئێران لە سوریا بە تایبەتی دەستێوەردانی لەشکری وەکو موشکی مەودا درێژ و سیستمی بەرگری، ئەمە هیچ پەیوەندی بە بەرگری کردنی لە ڕژێمی ئەسەد دژ بە ئۆپزسۆنەوە نییە ئەمە فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیەتی.
جەیمس جێفری دەشڵێت بە تەواوەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەشڵێت چاوەڕوان دەکرێت کۆمیتەی دەستووری لە مانگی 12 کۆببێتەوە و دەڵێت ڕوسیا، تورکیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا هەمویان کۆک بوون لەسەر ئەو بابەتە.
شایانی باسە دامەزراندنی کۆمیتەی دەستووری بەشێک بوو لە نەخشەڕێگایەکی ئاشتی بۆ سوریا کە لەلایەن ئەنجومەنی سایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. تا ئەو کۆمیتەیە دەستوری نوێی پاش شەڕ بۆ سوریا داڕێژنەوە.