Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: پێکهێنانی کابینەی نۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق


‌لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە دانوستاندن و وتووێژکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

بەپێی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ڕۆژی 30 ی مانگی نۆدا پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) 45 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و بەمەش پدک بۆتە زۆرینە لە پەرلەماندا و هەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە (ینک) 21 کورسی پەرلەمانی هەیە.

لە ساڵی 1992 کە یەکەم حکومەتی هەرێم پێکهێنرا پدک و ینک پێکڕا بە 50 بە 50 حکومەتیان پێکهێنا و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەم دوو هێزە فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستانن، یان هەر هیچ نەبێت لە ناوچەکانی قەڵمڕەوی خۆیاندا (زۆنی زەرد و زۆنی سەوز)دەسەڵاتی یەکەمن.

هەرچۆنێک بێت لە نێوەندی قەیران و گرژی سیاسیدا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و ئێستا لە قۆناغی پاش هەڵبژاردندا هەر یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان بێ لە پدک و ینک لە دووڕیانی ئەگەر و نەگەری بەشداریکردندان لە کابینەی نۆی هەرێمی کوردستاندا.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان دەشێت پێکهێنانی کابینەی نۆی هەرێم زیاد لە جارانی پێشتر کاتی بوێت، چونکە وەک دەڵێن هێشتا پەرلەمانی هەرێم نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژێرێت، واتە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بە کراوەیی ماوەتەوە.

پێکهێنانی ئەم کابینەیە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزی و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان هەر لە هەمان ئاستی خۆیاندان و بێ متمانەییەکی زۆریش لە نێوان لایەنەکاندا هەیە.

ئەمانە بێ لەوەی هێشتا کابینەی پێشووی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بە ئەندازەی پێویست موچەی کارمەندان و فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، وەک دەڵێت هێشتا قەیرانی دارایی نەڕەویوەتەوە.

لە ئێستادا زۆربەی قسەی شەقام لەسەر ئەگەر و نەگەرەکانی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕانە لەم کابینە نوێیەدا. بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر بەشداری لە کابینەی هەشتدا هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پدک ڕێی لە دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان گرت لەوەی بچێتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو کێشانەی لەسەر بەرنوسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هاتنە ئاراوە،نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی هەشت کە پێدەچێت کابینەی نۆش هەر بە سەرۆکایەتی خۆی بێت، وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی لەکار لادا.

ئەوەی جێی سەرنجە هێشتا هیچ یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەک یان هەر هیچ نەبێت ڕوانینی خۆیان لەسەر پێکهێنانی کابینەکە ڕانەگەیاندووە، زیاتر قسەیان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵا و سەرەکییەکانی ناو حکومەتە و بەڵام هەر هەمووشیان داوای هاوبەشییەکی ڕاستەقینە دەکەن لەو کابینەیەدا نەک هەر بەشداربوون.

ئایا کابینەی نۆی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چ شتێک لە چوار ساڵی ئایندەی هەرێمدا بگۆڕێت؟
ئایا مەرجە بزووتنەوەی گۆڕان بەشدار بێتەوە لە پێکهێنانی کابینەی نۆی هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟
ئایا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیان هەیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو؟
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:24 0:00

XS
SM
MD
LG