لەگەڵ ئەوەشدا کە پەیکەرسازی یەكێکە لەو ژانرە هونەریانەی گرنگی شارستانی و مێژوویی خۆی هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەی بابەتی لەسەر ئەم هونەرە ئێجگار کەمە.
پەیکەرسازی خاوەنی تایبەتمەندێتی مێژووییە و دەشێت لەم ژانرە هونەرییەوە لەسەر شەقامەکانی هەر شارێک بێت مێژووی ئەو ناوچەیە و تەنانەت مێژووی نیشتمانێکیش بخوێنیتەوە، چونکە هەمیشە هەر ئاوەها بووە کارە هونەرییەکان دەبنە ناسنامە و دەشبنە دەروازەیەک بۆ زانینی ئاستی دنیابینیەکانی کۆمەڵگە.
زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوە و ڕەخنانەی هەن لەلایەن هونەرمەندانی پەیکەرتاشەوە دەنوسرێن و بڵاو دەکرێنەوە، ئەڵبەت هەر وەک هونەرمەندان خۆیان دەڵێن ئەمە بەس نییە بۆ برەودان بە هونەرەکەیان و ڕەخساندنی زەمینەیەکی تۆکمە بۆ بینینی ئیستاتیکای پەیکەرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا.
پەیکەرەکان زۆرن، بەڵام بۆ خەڵک هێشتا ئەو جێیەی نەگرتووە کە بگوترێت پەیوەندییەکی هەمیشە سەوز هەیە لە نێوان خەڵک و پەیکەردا. دەشێت ژمارەیەک فاکتەر هەبن بۆ ئەم دیاردەیە لەوانە بارە باوە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەرییەکانی ئاین، تێنەگەیشتن لە ڕەهەندەکانی گرنگی پەیکەرەکان، نەبوون یان کەمی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، شوێنی دانانی پەیکەرەکان، بێ بەرنامەیی لە دروستکردنی پەیکەرەکاندا و هتد. بەڵام دەشبێت بگوترێت دەشێت ئەم دیاردەیەش بە ئاسایی وەربگیرێت لەو ڕوانگەیەوەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی هونەرمەند بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا لەوانەیە تا ئەندازەیەک جیاوازبێت، ئەمە بێ لەوەی لە هیچ شارێکی کوردستاندا پەیکەرێک نییە تەمەنەکەی لە شەست بۆ حەفتا ساڵ بێت، لێرەدا باس لەو پەیکەرانەیە کە وەک هونەر لە مەیدانە گشتییەکانی شار و شارۆچکەکاندا دادەنرێن، نەک مێژووی پەیکەرسازی یان ئەو پەیکەرانەی لە ئەشکەوت و شاخەکانیشدا هەڵکۆڵراون بۆ مەبەستی تر.
نکوڵی ناکرێت لەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەیکەرسازی باڵا و داهێنەرمان هەن، لە زۆر باریشدا بەهۆی ئەو گرفت و تەگەرانەی هاتۆتە پێشیان نەیانتوانیوە پەرە بە کارە هونەرییەکانیان بدەن چونکە ڕێگرییەکانی بەردەمیان زۆر بەرینتر بوون لەو زەمینەیەی پێویست بووە بۆیان بڕەخسێت بۆ کارکردنە هونەرییەکانیان.
هونەرمەندان گلەییشیان لە میدیاکان هەیە لەو سۆنگەیەوەی نەیانتوانیوە ببنە هۆکارێک بۆ هێنانە ئارای ئاشنایەتی نێوان کارە هونەرییەکان بە گشتی و پەیکەرسازیش بە تایبەتی، لەگەڵ خەڵکدا.
ئایا پەیکەرسازی لە کۆمەڵگەی کوردیدا توانیویەتی پێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە؟
ئایا چەمکی ڕۆشنبیری چەندێک کاریگەری دەبێت بەسەر هونەری پەیکەرتاشییەوە؟
ئایا پەیکەرەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا توانیویانە پەیامی شارستانی مێژوویی خۆیان بپارێزن؟
هونەرمەندی پەیکەرساز (شۆڕش ئەمین) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لەفەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: