پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی کابینەی نۆی هەرێمی کوردستانی عێراق.
مەسرور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و ئامۆزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە.
پارتی نێچیرڤانیشی کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق. بەڵام وەک دەگوترێت ئەمجارەیان پارتی دەخوازێت سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە دەنگی پێبدرێت نەک ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە.
پێشتر پارتی جەختی دەکردەوە کە دەبێت سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت نەک لە پەرلەمان، ئەم هەڵوێستەش بەریەککەوتنێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەناو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمانیش.
پێدەچێت ڕاسپاردنی مەسرور بۆ ئەم پۆستە نوێیەی، لە پەرلەماندا گرفتی نەبێت بەو پێیەی پارتی خاوەنی 45 کورسی پەرلەمانە بەڵام وەک هەندێک لە شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن لەوانەیە پۆستەکەی نیچیرڤان کاتی زیاتری بوێت و چونکە هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستور نییە، هەر بۆیە نازانرێت ئایا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی داهاتووی هەرێم چی دەبن و چۆن دەبن بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سەرۆکی کابینەدا.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.
هەرچۆنێک بێت لە ئێستادا و پاش تەواوکردنی گەڕی یەکەمی سەردانەکان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێم.
پارتی لە یەک کاتدا هەردوو ئامۆزاکەی کاندید کرد بۆ پۆستە نوێیەکانیان.
هەرچۆنێک بێت ئا لەم هەلومەرجەدا پێویستە حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت. زیاتر لە دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت وەلێ هێشتا دانوستاندنی فەرمیانەی پێکهێنانی کابینەی نۆ دەستیپێنەکردووە.
کابینەی نۆ لە کاتێکدا دەست بەکار دەبێت کە زیاتر لە سێ ساڵە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی ئاڵۆزی داراییدا دەژی و قەرزێکی زۆر لەسەر حکومەتی هەرێم کەڵەکە بووە، ئەمە بێ لەوەی ناکۆکی سیاسی لە نێوان هەموو لایەنەکاندا هەیە و بە تایبەتیش لە نێوان پارتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کە لە یەک کاتدا فەرمانڕەوای هەرێمن و هەروەهاش ڕکابەری سەرسەختی یەکترن.
هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دیاردەی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و سنوری دێگەڵە نێوانیانە، هەرچەندە پارتی و یەکێتی جەختیان دەکردەوە لەوەی هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ تا چەندێک بتوانن ئەو سنورەی خۆیان بۆ خۆیانیان دروستکرد لەپاش شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو.
ئایا گۆڕینی دەموچاوەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەروازەی گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی دەکاتەوە؟
ئایا لایەنە سیاسییەکانی دەخوازن بەشداری کابینەی نوێی هەرێم بن، لە پێناو خەڵکدایە یان تەنها بەشداریکردنە لە دەسەڵاتدا؟
ئایا کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کێشە سیاسی و داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات؟
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: