لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرۆکی فەڕەنسا ژمارەیەک پەیمانی داوە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایی خۆپیشاندەران، بەڵام پێناچێت بەس بن تا هێلەک زەردەکان لە شەقامەکانی وڵاتەکە بکشێنەوە.
ئەمانوێل ماکرۆن، لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا پەیمانی کەم کردنەوەی باج و هەروەهاش زیادکردنی کرێی کارکردنی داوە، واتە چوار هەفتە پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانە توندوتیژئامێزەکان لەو وڵاتەی ئەوروپادا دژی حکومەت.
ڕۆژی 17 ی مانگی یازدە خۆپیشاندەران دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی چوونە سەر شەقامەکان و هێندەی نەبرد زیاتر پەرەی سەند و گەورەبوو تا ئەو ئەندازەیەی دەکرێت بگوترێت تەواوی وڵاتی فەڕەنسای گرتەوە و دروشمەکانیش بە ڕوونی و ئاشکرایی دژی ماکرۆن بوون و داواکانیش بەرزتر بوونەوە بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی.
ڕەخنەگران سەرۆکی فەڕەنسا بە کەسێک ناودێر دەکەن کە لوت بەرز و خۆ بە زل زانە و بێئاگاشە لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی فەڕەنسایی.
هەرچۆنێک بێت پێناچێت تا ئێستا ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی فەڕەنسا ڕێبەرایەتییەکی دیاریکراوی هەبێت، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی پێشووی فەڕەنسایە. پێشتر کاتێک خۆپیشاندان دەکرا لەو وڵاتەدا نوێنەرانی خۆپیشاندەران یان سەندیکاکان داوای مۆڵەتی یاساییان دەکرد و هێزی ئاسایشی وڵاتەکە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانیان لە ئەستۆ دەگرت و هەروەهاش ڕێگەگرتن لەوەی خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا ببرێن.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر لوئەی جاف، شیکەرەوەی سیاسی.
ئەمجارەیان بەر لە خۆپیشاندانەکان چەند داوایەک لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە کران و هەر یەکەیان داوایەکی جیاوازی دەکرد، وەک کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ناچارکردنی حکومەت و پاشگەزبوونەوەی لە بڕیارەکانی، یان داخستنی ڕێگەوبانە سەرەکییەکان.
ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە سنورەکانی فەڕەنسای تێپەڕاندووە و گەیشتوشەتە بەلژیک و هۆڵەنداش.
زۆرێک لە شیکەرەوە وەها سەیری ئەم ڕووداوانەی فەڕەنسا دەکەن کە بەشێکە لە کلتوری گەلی فەڕەنسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادپەروەری، و هەروەهاش بە بەشێکی گەورە و گرانی کاریگەرییەکانی تا ئێستای شۆڕشی فەڕەنسا ناودێری دەکەن لە کۆمەڵگەی فەڕەنساییدا.
وەک لە زاری زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی فەڕەنساییەوە گوێمان لێدەبێت ئەوانەی بەشداری لەو خۆپیشاندانانەی فەڕەنسادا دەکەن ئەوانەن کە سیاسەتە ئابورییەکانی بە نیو لێبراڵ ناسێنراون زیانی هەرە زۆری لێداون، لەو سۆنگەیەوەی وەک جەختی لێدەکەنەوە ئەو جۆرە سیاسەتە تەنها سودی بۆ دەستەبژێرێکە و زۆرینەی کۆمەڵگەش فەرامۆش دەکات و دەشڵێن پێویستە حکومەت خۆی لانەدات لە ئەرکە نیشتمانیە گشتییەکانی چونکە دادوەریی کۆمەڵایەتی لاسەنگ دەکات.
خۆپیشاندانەکان تێکەڵ بوون بە توندوتیژی، خەڵکێکی زۆر لە ئاکامی توندوتیژییەکان بریندارن و ژمارەیەکی بەرچاویش دەستگیرکراون و زیانێکی زۆریش لە ئابوری وڵاتەکە کەوتووە. پێناچێت هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو یان پلانێکی بەرنامەڕێژکراو ئامادەییان هەبێت لەم شەپۆلی ناڕەزایەتیەدا، لەو ڕوانگەیەوەی داواکان زۆرن و جیاوازی گەورە لە نێوانیاندایە، بەڵام تەنها شتێک هەموو هێلەک زەردەکانی پێکەوە کۆکردۆتەوە ناڕەزاییە هاوبەشەکەیانە بەرامبەر حکومەتی ئێستای فەڕەنسا.
ئایا جموجۆڵی هێلەک زەردەکانی فەڕەنسا هەر تەنها بەرەنگاربوونەوەی باری ئابورییە؟
ئایا دەستەبژێرێکی تری سیاسی لە فەڕەنسا چارەسەرە بۆ ئەو ڕەوشەی وڵاتەکە؟
ئایا هێلەک زەردەکان ڕۆڵی سەندیکاکانیان کەمکردۆتەوە؟
ئایا دەکرێت توندوتیژیەکان و تاڵانکاریەکان و وێرانکردنەکان هاوکاتی ئەم خۆپیشاندانانە بە بەشێک لە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک سەیر بکرێن؟
دکتۆر لوئەی جاف، شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: