تەنز یەکێکە لە ژانرە ئەدەبییەکان و خۆی لە قوڵی مانادا هەڵدەگرێت و بە ڕەخنەیەکی کۆمیدیایی قسە لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەو ڕاستیانە دەکات کە بە ڕاستییە تاڵەکان ناودێر دەکرێن.
بەپێی ڕای زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکان ئەرکی هەرە سەرەکی تەنز هەوڵدانە بۆ خستنەڕوو و چاکردنی دیمەنە ناشرینەکانە و لە سادەترین کاردانەوەشدا بەرامبەری دەشێت هەندێک بخاتە پێکەنینێکی کاتیی، بەڵام بۆ خوێنەر و بیستەری ڕژد و ئەوانەی لە خەمی کۆمەڵگەدان دەشێت ئەو تەنزە بیانخاتە گریانێکی بە کوڵ و جیاوازیش لە گریانەکانی تریان.
دیاردەکان بە جوان ناشرینیەوە زۆرن، بە دووریش نازانرێت کاتێک ئەو کەسەی تەنزێک دەنوسێت لە هەستکردنێکی بەرپرسانەی خۆیەوە بێت و بخوازێت ئێمەی خوێنەر و بیستەر لە دیاردەکان ئاگادار بکاتەوە لەڕێی دێڕە نوسینێکی سەرنج ڕاکێشەوە کە لەوانەیە هەموومان درکمان پێکردبێت بەڵام نەمانتوانیبێت بەو شێوە دەربڕینە سەرنج ڕاکێشە بینوسینەوە.
لە فەرهەنگی کوردیدا ئەدەبی تەنز ئامادەییەکی ئێجگار کەمی هەیە، ژمارەیەکی زۆر کەممان هەن لەم بوارەدا دەنوسن، دەشێت یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێت کە نوسینی تەنز هێندە ئاسان نییە تا هەموو کەسێک بتوانێت خۆی لە قەرەی بدات. لە زۆر ڕەخنەگرم گوێ لێبووە، نوسینی تەنز بەهرە و سەلیقە و تواناییەکی گەلێک زیاتری پێویستە بە بەراورد لەگەڵ ژانرە ئەدەبیەکانی تردا.
نوسەرانی بواری تەنز، وەک نوسەرانی تر بە شێوازی جۆراوجۆر دەنوسن، بۆ نمونە دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا کاتێک تەنزەکانی خۆی دەنوسێت ڕێک وەک دیالۆگی نێوان دوو کەسی نادیار دەیاننوسێت، بەڵام ئەوەندەی کردنەوەی دیالۆگە لەگەڵ ئێمەدا، هێندە دیالۆگی نێوان ئەو دوو کەسایەتیە نادیارە نییە کە لە نێوان خۆیاندا دەئاخڤن.
دکتۆر شێرکۆ خۆی کەسێکی کەمدووە، بەڵام کە دەنوسێت دنیایەک ئاخاوتنە لەگەڵ هەمووماندا.
زمانی نوسین لای دکتۆر شێرکۆ زمانێکی ئارامە و بە هێمنانە دیالۆگەکەی خۆی دەستپێدەکات و گیانێکی کۆمیدیایی دەکات بە بەری وشەکانیدا و لەوێوە پەیامەکان دەنێرێت.
(گۆڤاری سیخورمە) یەکێکە لە ئەزموونەکانی تری دکتۆر شێرکۆ کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی ئەم گۆڤارە دادەنرێت و ئەندامێکی کاریگەری دەستەی نوسەرانیشیەتی. لەسەر سیخورمە دکتۆر شێرکۆ دەڵێت " گۆڤاری سیخورمە وەکو گۆڤارێکی تەنز، ئامانجی تەنها پێکەنین نییە، بەڵکو پێکەنین بەشێکێتیو رێبازێکە بۆ دەربڕینی ناڕەزاییو ئەو رەخنانەی مرۆڤ هەیەتی بەرامبەر بە دیاردە ناشرینو خراپەکان. تەنزیش یەکێک لە تەعریفەکانی رەخنەگرتنە بەزمانی گوڵ. لەڕێگەی پێکەنینەوە وا لەبەرامبەر دەکات رەخنەکانو کەموکوڕییەکان ببینێت."
نمونەیەک لە نوسینی تەنزێکی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا؛
من كەلانە .. تۆ پیتزا
- خۆ ئیش و شتت نییە كەللەپووت؟
+ بەگم لەم مەملەكەتە كێ ئیشی هەیە تا من هەمبێ!!
- دە كەواتە وەرە با وەكو بەعزە برادەرێ ئێمەش بۆ خۆمان شەڕ بكەین
+ شەڕە زەرەنگەرانە ئەفەرمووی؟
- نا .. شەڕە موجامەلە .. من مەدحی تۆ ئەكەم، تۆش هەڵئەسیتەوە باشتر مەدحم ئەكەی
+ مەسەلەن چۆن یەعنی؟!
- مەسەلەن من ئەڵێم: من قەنداغ تۆ كاپاچینۆ ..
+ ئێ ئێ .. تێگەیشتم .. من عارەقی عەینكاوا تۆ شەرابی سەدساڵە
- ئافەرم .. من ئەحلام، تۆ ئەنجیلاجۆلی
+ من كەلانە، تۆ پیتزا
- من زانكۆی كوفە، تۆ هارڤارد
+ من گۆرانیی گەعدە، تۆ شەجەریان
- من كۆستەری سەقف بۆیاخ تۆ لێكزس
+ من سەیران بەند تۆ برایم خەلیل
- من كۆڵانی قەزازەكان تۆ شەقامی سەدو بیستی
+ من مەكتەبەكەی كانی پانكە تۆ شوەیفات
- من تمەن تۆ دۆلار
+ من هەڵامەت تۆ سەرەتان
- دەك داڕزێی مەلعون .. من سەرەتانم؟
+ قوربان لە موهیمییا ئەڵێم .. سەرەتان زۆر موهیمە
- كێ ئەڵێ سەرەتان موهیمە؟
+ نازانم .. ئەو رۆژە لە مەجلیسێكا گوێم لێ بوو زەلامێك وای ئەگو
- ئەیگو چی؟
- ئەیگو بەعزە مەسئولێ بوون بە سەرەتان، هیچ شتێ دەرەقەتیان نایە.
نوسینی تەنز پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی بەرفراوان هەیە، بە بەهرەیەکی سەرسوڕهێنەر و بە دڵێکیش لێوانلێو بێت لە مرۆڤدۆستی تا وەها بکات بیرکردنەوە لە توانجە قێزەونەکان جێیەکی بۆ نەمێنێتەوە و بیرکردنەوەیەکی ئارام بە هەموومان ببەخشێت.
ئایا ئەو ڕەخنانەی لە ڕێی نوسینێکی تەنز ئامێزەوە دەخرێنە ڕوو، چەندێک کاریگەرییان دەبێت بەسەر کۆمەڵگە و بەسەر دامودەزگا فەرمییەکانیشەوە؟
ئایا ئەدەبی تەنز توانیویەتی بە ئەندازەی ژانرە فەرهەنگییەکانی تر هەنگاوی بەرەوپێش بنێت؟
ئایا خودی ئەدەبی تەنز، سنگ فراوانە بەرامبەر ڕەخنەلێگرتن؟
دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: