ئەمریکا لە ساڵی دووهەزار و هەژدەدا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەگەڵ ئێراندا مۆری کردبوو کشایەوە.
دوابەدوای ئەو کشانەوەیەش واشنتۆن ژمارەیەک سزای توندی سەپاندە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران. ئاماژەکان لە ئێستادا وەها نیشان دەدەن کە ئابوری ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە و ئاستی هەژاری و ڕێژەی بێکاری زیاتر بوون.
مەبەستی ئەمریکا لەو سزایانە گۆڕینی ڕەفتارەکانی ڕژێمی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
واشنتۆن، تاران بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنێت و هەروەهاش بە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی پشتیوانکار لە تێرۆریزم.
کاوە ئاهەنگەری، چالاکوانی سیاسی دەڵێت ساڵی 2018 بۆ ئێران ساڵێکی پڕ لە کێشە و گرفت و ئاڵۆزی بووە بۆ ئێران و لە زۆر لایەنیشەوە ئێران پاشەکشەی کردووە و ئەم دیاردەیەش لە کۆتایی ساڵی 2018 نیشانەکانی دەرکەوتوون و قەیرانەکان لەناوەوە زیاتر و زیاتر تەنگیان بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، بەڕێز ئاهەنگەری ئاماژەش بەوە دەکات کە ساڵی 2018 بۆ دژەبەران و ئۆپزسیۆنەکانی ئێران ساڵێکی باش بووە، وەک دەڵێت ئەو سیاسەتانەی ئەمریکا هەیبووە بەرامبەر ئێران وەهایان کرد ئۆپزسیۆنەکان زیاتر بکەونە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ یەکتردا.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: