دەستێوەردانەکان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و کردە لەشکرییە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێران لەناو خاکی عێراقدا، گومان و پرسیارگەلێکی زۆری خستۆتە سەر سەروەریی عێراق.
تورکیا و ئێران لە ساڵی دوو هەزار و سێوە هەر کاتێک بە پێویستیان زانیبێت هێرشی ئاسمانی و لەشکریشیان کردۆتە سەر عێراق و هەر وڵاتەش بیانوی جۆراجۆر دەهێننەوە بۆ ئەو هێرشانەیان، بەبێ ئەوەی ڕەهەندی سەروەریی عێراقی دراوسێیان بە هێند وەربگرن.
عەبدولرەحیم جاسم ئەلشەممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت کێشەکە هەر تەنها ئەوە نییە ئەو وڵاتانە هێرش دەکەن و سەروەری عێراق پێشێل دەکەن، بەڵکو هەڵوێستی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش لاواز و شەرمنانەیە سەبارەت بە بۆردومانەکان و ئەو دەسترێژیانەی تورکیاش.
بەڕێز ئەلشەممەری ئاماژەش بەوە دەکات حکومەتی عێراق ڕێگەی زۆری لەبەردەستدایە تا هەنگاوی ڕژد بگرێتە بەر بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان لەوانە وەک دەڵێت "بەرژەوەندییەکی زۆری ولاتان لە عێراقدا هەیە و دەکرێت ئەو بەرژەوەندیانە بکرێنە کارتی فشار بەرمبەریان، یان ئەوەتا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کار لەسەر ئەم دۆسێیە بکرێت و ببرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان."
بۆ هەندێک لە چاودێریش هۆکار زۆرن بۆ نەبوونی هەڵوێستێکی بەهێز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
ڕامی ئەللامی، نوسەر و ڕۆژنامەوانی عێراقی دەڵێت گەندەڵی هەندێک لە کاربەدەستان و بەکرێگیراویی هەندێک لە بەرپرسانی عێراق وەهایان کردووە تورکیا و ئێران بەردەوام بن لە دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر سەروەری وڵاتەکە.
بەڕێز ئەللامی دەڵێت "عێراقییەکان ئێستا پێویستیان بە جارێکی تری ئازادکردنەوە و ڕزگارکردنەوەی عێراق هەیە لە گەندەڵکاران، عێراق پێویستی بە پشتیوانی و هەڵوەستەی دەوڵەتە گەورەکان هەیە و لەوانەیە پێویست بە ئەمریکا هەبێت، عێراق پێویستی بە پشتیوانی زلهێزیکی جیهانییە تا ولاتەکە لە ونبوون بپارێزێت و گەلی عێراقیش لە وێرانبوون بپارێزێت. پێویستە تەواوی سیستەم و پێکهاتەی سیاسی عێراق سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە."
لەسەر بنچینەی وتوویژەکانی لەگەڵ عەبدولرەحیم جاسم ئەلشەممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و هەروەهاش ڕامی ئەللامی، نوسەر و ڕۆژنامەوانی عێراقی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: