ڕۆژی سێشەممە هەژدە چالاکوان لە دهۆک برانە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوە، بەڵام دادوەر بە کەفالەت ئازادی نەکردن. ئەندامێکی تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو مادەیەی بۆ سزاکەیان دانراوە، یاسای سەردەمی کۆنەو هەردوو حکومەتی عێڕاقی وهەرێمیش لایان بردووەو گۆڕانکارییان تێدا کردووە، بەڵام ئەوەی دادگاکە مادە کۆنەکە بوو کە بواری ئازاد بوونی بە کەفالەت تێدا نییە".
ڕێڤینگ یاسین باس لە هۆکاری دانانی ئەو مادە یاساییە دەکات کە زیاتر دەزگا ئەمنییەکان وەکو سزادانێک و چاو ترساندن دایان ناوە دەڵێت "ئەوانە هیچ تاوانێکیان نەکردووە، خۆپیشاندان نەکراوە تا لەسەری بگیرێن، هەندێکیان لە شوێنی جیاوازدا دەستگیر کراون، لەناویاندا کەسی تیایە کە خەریکی هەڵگرتنی جلوبەرگی زاوایەتی بووە لە بازاڕ دەستگیریان کردووە، لەو باوەڕەدام دانانی ئەو مادەیە زیاتر بۆ چاوترساندنی ئەوان وخەڵکیشە".
سەبارەت بەوەی ئەگەر بەو یاسایە کاربکرێت سزاکەیان چی دەبێت رێڤینگ دەڵێت "دەگاتە سزای ئەبەدی".
لەبەشیکی تری وتوێژەکە باس لەوەش کراوە ئایا گیراوەکان ئەشکەنجە دراون ، پارێزەرەکە دەڵێت "هەندێکیان ئەشکەنجە دراون، سوکایەتیش بەهەندێکیان کراوە، بەڵام نەوەکو هەموویان".