ئەگەرچی زۆرێک لە هونەرمەندان ئاماژە بە قەیرانە سیاسی و داراییەکان دەکەن وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جۆرێک لە پاشەکشەکردنی هونەریی، بەڵام ئەمە ناکرێت بەو مانایە لێکبدرێتەوە کە هۆکارێکیشە بۆ دوورکەوتنەوە یان دابڕانی هونەرمەندان لە ئەرک و پلانە هونەرییەکانیان.
لە هونەری گۆرانی و موزیکدا، ژمارەیەک هونەرمەندی داهێنەرمان هەن بەڵام ئێستا دوورکەوتوونەتەوە و لە بەرامبەر ئاستی هونەریی زۆرێک لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆماندا دووچاری سەرسوڕمانێکی زۆر هاتوونەتەوە و دەڵێن جا لەم ئاژاوەیەدا کوا جێی گۆرانی ڕەسەن و هاوچەرخانە دەبێتەوە.
ئەمە بەشێکە لە نیگەرانی هونەرمەندان کە بەردەوام قسەی لەسەر دەکەن بەڵام پێناچێت هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بەرسڤێکی ئەوتۆی داواکانیان درابنەوە.
بۆ ژیانی هونەریی، ئەو هونەرمەندە ڕاستەقینانەی لە گەشتێکی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی داهێنانی نوێ، بۆ هێشتنەوەی گۆرانی و موزیکەکانیان بە زیندوویی لە هزری هەواداران و زۆرینەی وەرگردا، بوونی نێوەندە تایبەتەکان بە هونەر گەلێک گرنگە.
هونەرمەند ڕێبین جەمال لە چەند بۆنەیەکدا جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت نەبوونی کۆمپانیا تایبەتەکان بۆ بەرهەم هێنانی هونەریی وەهای کردووە بەرهەمەکان لەمە باشتر نەبن کە هەن.
ئەم هونەرمەندە گۆرانیبێژ و موزیسیانەمان بە خۆشەویستییەکی گەورەوە باس لە کۆمپانیایەک دەکات بە ناوی "چوار چرا" کە بە پاڵپشتێکی گەورەی هونەرمەندان ناودێری دەکات و دەڵێت بە نەمانی ئەو کۆمپانیایە بەرهەمە هونەرییەکان بێکەس مانەوە.
هونەرمەند ڕێبین جەمال هەر وەک چۆن ژەنیارێکی ناودارە ئاوەهاش دەنگە بەسۆزەکەی و چۆنیەتی چڕینی گۆرانییەکان وەهایان کردووە ڕێبین ببێتە یەکێک لەو هونەرمەندانەی هەمیشە لە هزری گوێگریدا بمێنێتەوە و بزانرێت کە یەکێکیشە لەوانەی بیرکردنەوەیەکی ڕژدی هەیە بۆ ئایندەی هونەری موزیک و گۆرانی کوردی.
ڕێبین یەکێکە لە ژەنیارە ناودارەکانی ئامێری کلارنێت، لەو پارچە موزیکانەی بەردەوام گوێی لێدەگرم، ژەنینێکی نەرمی کلارنێتە بە هەناسە و بە دەست و پەنجەی هونەرمەند ڕێبین جەمال، گوێگرتن لەو پارچە موزیکە ڕێک وەک ئەوەیە لە نێو دڵی ئاسماندا دانیشتبیت و گوێ بۆ خەمێکی وەنەوشەیی ڕادێریت، خەمێک جیاواز لەوانی تر، عەشقێک بەرینتر لەوانی تر، سۆزێک ڕەنگین تر لەوانی تر، هەڵکشانێک بەرزتر لەوانی تر و ڕۆچوونێکیش قوڵتر لەوانی تر، ئێ ئاخر هەر دەبێت وەها بێت، چونکە ئەوە ڕێبینە و لە یەک کاتدا خەم و عەشق و سروتی دنیایەکی رەنگاڵەیی و تەمەنی خۆی دەژەنێت...
ئایا ئاواز و گۆرانی ڕەسەن و هاوچەرخانە دەتوانن لەمڕۆی ڕەوشی گۆرانی کوردیدا جێیان ببێتەوە؟
ئایا بوون یان نەبوونی نێوندی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گۆرانی و موزیک هیچ شتێک لە ڕەوشی گۆرانی کوردی دەگۆڕێت؟
ئایا سود وەرگرتن لە گۆرانی و موزیکی بیانی گرنگە یان پێچەوانەکەی ڕاستە؟
ڕێبین جەمال، هونەرمەند و موزیسیان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەیژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: