هەر تەنها دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی دەست لەکارکێشانەوەکەی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی پاش ئەوەی سەرۆکی ئێران ئەو داوایەی موحەمەد جەواد زەریفی پەسەند نەکرد.
شیکەرەوە دەڵێن ڕۆڵی زەریف لە ناو حکومەتی ئێراندا کەم بووە و تەگەرەی زۆری لەبەردەمدا بووە و هەوڵیش هەبووە لەناو دامەزراوەکانی حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی و لە دەرەوەی دامەزراوە حکومەتییەکانیشدا بۆ لە پەراوێزنانی، دەشڵێن گەڕانەوەکەیشی بۆ ناو حکومەت هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو هەڵوێستانەدا ناهێنێتە ئاراوە.
هەرچۆنێک بێت وەک شیکەرەوە سیاسییەکان ئاماژەی پێدەکەن بڕیارەکەی زەریف دەکرێت لە گەلێک ڕەهەندەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت؛ لەوانە ئەو شێوازەی پەیامی دەست لەکارکێشانەوەکەی ناردووە.
میوانی بەرنامە:
جەعفەر حامیدی، شیکەرەوەی سیاسی
موحەمەد جەواد زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام دەنوسێت کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، نەک ئەوەی نامەیەکی فەرمی بخاتە بەردەست سەرۆکی حکومەتەکەی.
یەکێک لەو شتانەی لەو ڕووداوەدا نکوڵی لێناکرێت ململانێی نێوان کۆنەپارێزان و ڕیفۆرمخوازانی ئێرانە لە کاتێکدا چل ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو کۆمارەدا نەبووە و نەکراوە تەنانەت ئەوکاتانەش کە دەگوترێت ڕیفۆرمخوازەکان لە دەسەڵاتدابوون.
لە ساڵی 1979 بە دواوە یەکێک لە ململانێ سەرنج ڕاکێشەکانی ناو کۆماری ئیسلامی لە نێوان دەوڵەتداری و شۆڕشگەرایی بووە، بەڵام بەردەوام باڵادەستی شۆڕشگەرایی بەسەر دەوڵەتداریدا بووە. ئەمەش وەهای کردووە وەک دەگوترێت ململانێکانی ئەو دوو باڵە لە کۆمارەکەی ئایەتوڵا خومەینیدا قوڵتر و فراوانتریش بن.
ڕایەکی تریش هەیە دەڵێت ئەوەی لە نێوان ئەو دوو بەرەی ناو کۆماری ئیسلامیدا ڕوودەدات تەنها سیناریۆیەکی تری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و مەبەستیش لێی کۆکردنەوەی دەنگە ناڕەزاکانە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا نەک ئەوەی بگوترێت ململانێیەکە لە پێناو باشتربوونی ڕەوشی وڵاتەکەدایە یان جێگیرکردنی مافە سیڤیلی و دیموکراسییەکانە بۆ خەڵک.
ئەم ڕایە لەو ڕوانگەیەوەیە، کە هەردوو لایەنی کۆنەپارێز و ڕیفۆرمخوازەکان لەیەک سەرچاوەوە هاتوون و بە شێواز و بە ئەندازەی جیاوازداکۆکی لە ویلایەتی فەقێ دەکەن و هەروەهاش ئەو پرەنسیپانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەسەر دروستبووە.
ئایا ڕاگەیاندنەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕووداوێکی لە ناکاو بوو؟
ئایا پەشیمان بوونەوەی موحەمەد جەواد زەریف، هیچ شتێک لە سیاسەتەکانی ئێران دەگۆڕێت؟
ئایا دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستەکان لەناو ناکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبنە کارتی فشار؟
جەعفەر حامیدی، شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: