Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: سالار مەجید


بەر لە هاتنە ئارای نوسین مرۆڤی دێرین بەسەرهاتەکانی خۆی لە ڕێی وێنەوە بۆ گێڕاوینەتەوە.

وێنەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکان یان هەڵکۆڵینەکانی ناو پەرستگا کۆنەکان و چەندان وێنەی تریش بە یەکێک لە باشترین سەرچاوەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر مرۆڤی دێرین دادەنرێن.

ئەم وێنانە بە درێژایی مێژووی خۆی، لە گەشەکردن و پەرەسەندندان. پێشتر ئەگەر تەنها هێڵکارییەکان نیشانەیەک بووبن بۆ هونەر و تەنها ڕەنگێکیش هەیبووبێت ڕەنگی ئەو دیوارە بووە کە هێڵکارییەکەی لەسەر کراوە، بەڵام دواتر بەکارهێنانی ڕەنگەکان وەهای کرد کە تابلۆکان بە زمانێکی هاوبەشی هێڵکاری و ڕەنگ لەگەڵ بینەرانیدا بکەوێتە ئاخاوتن، بە شێوەیەک لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانەدا تێگەیشتن هەبێت بۆی.

هەر بۆیەشە دەگوترێت هونەری شێوەکاری بەشدارییەکی گەورە و گرانی هەیە لە دروستکردنی شارستانیەتدا و لە هەر قۆناغێکی ژیانی مرۆڤیشدا هونەری شێوەکاری ئامادەییەکی بەرچاوی هەبووە و توانیویشیەتی بەردەوام ناسنامەی خۆی نۆژەن بکاتەوە.

ئێستاشی لەگەڵدابێت، کەم نین ئەو هونەرمەندە کوردانەی لەوبڕوایەدان لەناو فەرهەنگی کوردیدا بایەخێکی ئەوتۆ بە هونەری شێوەکاری نەدراوە و لەو بڕوایەشدان وەها لە هونەری شێوەکاری دەڕوانرێت تەنها نیشاندانی چەند تابلۆیەکە یان چەند پارچە هونەرییەکی تر لە هۆڵێکی پێشانگاکاندا.

هەندێک هونەرمەندی تریش کاتێک لەگەڵ بینەرانی پێشانگایەکیاندا دەکەونە وتووێژ، دواتر دەگەنە ئەو بەرەنجامەی کە زۆربەی بینەرانی پێشانگاکان تەنها لە ڕوانگەیەکی ئەدەبییەوە دەڕواننە تابلۆکان و خوێندنەوەی بۆ دەکەن بەبێ ئەوەی وەک هونەرمەندەکان خۆیان دەڵێن " زۆرێک لە بینەران هێڵکاری و بەکارهێنانی ڕەنگ و ئیستاتیکاکانی تری ناو تابلۆ فەرامۆش دەکەن، یان نایبینن."

ڕەسەنایەتی بەشێکی تری گرنگە لە هونەری شێوەکاریدا، ئاشنابوون و شارەزایی لە هونەری گەلانی تردا ئەرکێکی پێویستە وەلێ بەو ئەندازەیە نا کە ڕەسەنایەتی خۆت فەرامۆش بکەیت لە پێناو ئەوەی بگوترێت کارێکی هاوچەرخانەی هونەرییە. هونەرمەندانی هەر گەل و نەتەوەیەک دەتوانن لە ڕێی پاراستنی ڕەسەنایەتی لە هونەرەکەیدا بە بەرگێکی هاوچەرخانەوە ببێتە بەشیک لەو مێژووی پڕ شکۆی هونەری گەل یان نەتەوەکەی.

سالار مەجید، هونەرمەندی شێوەکار لەوبڕوایەدایە هونەریش بێبەش نییە لە سەختی و دەردەسەری و وەک چۆن کۆمەڵێک شتت لێ دەسەنێت ئاوەهاش کۆمەڵێک شتیشت پێ دەبەخشێت.

بیرکردنەوە لای هونەرمەند سالار مەجید لە پێناو کاریگەرییە لەسەر تەکنیک لە تابلۆیەکی هونەریدا، هەرچی تەکنیکیشە لەو خەمەوە سەرچاوە دەگرێت کە تایبەتە بە نیگەرانی بەرامبەر ڕەفتارەکانی خودی مرۆڤ بۆ وێران کردنی هەسارەی زەوی و هەسارەکانی تریش.

یەکێک لە سەرنجەکانی لەسەر هونەری سالار مەجید هەیە کە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبووە کە دەبێت ڕێگەیەک دابنرێت بۆ کاری هونەری بەڵکو هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە با بیرکردنەوەکان و دەستپێکی کارە هونەرییەکان ئازادانە دەست پێبکەن دوور لە دانانی یاسا و ڕێساکان، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە سالار مەجید زۆر دوور بووە لە بڕوابوون بە جێگیرەکان لە هونەردا، وەک بەکارهێنانی ڕەنگەکان لە تابلۆکاندا هەر تەنها بریتیبن لە ڕەنگی زەیتی و ئاوی و هتد.

ئەزموونی هونەریی سالار مەجید هەر تەنها لە تابلۆکانیدا نین، بەڵکو هەندێک جار ناو خودی ژیان دەکاتە ئەزموون و لە کۆمەڵێک شتی وردی ژیانەوە هونەرێکی گەورە و کاریگەریی هونەرمان نیشان دەدات و دەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوەیەکی تر لە ژیان و جوانییەکانی ژیان.

ئایا دەتوانین بڵێین هونەری شێوەکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا هونەرێکە هاوچەرخانەیە؟

ئایا دەکرێت بگوترێت کردنەوەی هەر پێشانگایەکی تایبەت، قۆناغێکی هونەریانەی هونەرمەندی شێوەکارە؟

ئایا هونەری شێوکاری توانیویەتی ببێتە گەواهدەری سەروەختەکانی خۆی لەناو کورددا؟

سالار مەجید، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:11 0:00

XS
SM
MD
LG