ڕۆژی جیهانی ژنان بۆنەیەکە بۆ هەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی ئەو هەنگاوانەی نراون لە پێناو بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و هەروەهاش دانپێدانان بە کارکردن و دەستکەوتەکانی ژنانیشدا لە جیهاندا.
ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بە تایبەتیش نەتەوە یەکگرتووەکان برەوێکی زۆری داوە بە ئەرکەکانی خۆی لە پێناو بەدیهاتنی ئەو یەکسانییە کە هەمیشە بەشێکی دانەبڕاوە لە دادوەریی کۆمەڵایەتی.
لە ساڵی 1945دا پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مۆرکرا، پەیماننامەیەک وەک ڕێککەوتنی وڵاتان بوو بۆ جەختکردنەوە لە یەکسانی نێوان ژن و پیاودا. یو ئێن بەشدارییەکی بەرچاوی هەبوو لە هێنانە ئارای ئەو شێوازە میراتە مێژوویی و ستراتیژیەت و پێوانە و ئامانجانەی ڕۆڵی ژنان بەرز ڕادەگرێت لە کۆمەڵگەکانی سەرانسەری جیهاندا.
لە ساڵێکدا ڕۆژێک بۆ ئەم بۆنە گەورەیە تەرخانکراوە و ڕێکخراوەکانی تایبەتن بە داکۆکی لە مافەکانی ژنان، حکومەتەکان، ڕێکخراوە سیڤیلیەکان و نیوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و هتد ئاهەنگ و بۆنەی تایبەت لەم ڕۆژەدا دەگێڕن.
بەڵام ئایا ئەوەندە بەسە؟ ئایا هەر تەنها یەک ڕۆژ لە ساڵێکدا بەسە بۆ بەرزڕاگرتنی هەوڵ و کۆشش و ماندوویی ژنان؟ یان ئایا دیاریکردنی یەک ڕۆژ لە ساڵێکدا چ جۆرە خزمەتێک بە ڕەوشی ژیان و گوزەرانی ژنان دەکات لە کۆمەڵگەکانی ئەم جیهانەدا؟
میوانی بەرنامە:
توبا ئەلیاسی، چالاکوانی مافەکان
زۆرێک لە داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان لەوبڕوایەدان بەرز ڕاگرتنی شکۆمەندی و میهرەبانییەکانی ژنان پێویستە هەموو کاتێک ئامادەیی هەبێت لە بیری مرۆڤدا، لەو ڕوانگەیەوەی ژنان لەهەموو گەورە و بچوکێکی ژیانی ڕۆژانەدا بەشداری و ئامادەییشی هەیە و یەکێکیش لەو ڕۆڵە گەورانەی هەیەتی ئاڕاستە کردنی ژیانی مرۆڤەکانە جا بە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.
هەندێک توێژەری کۆمەڵایەتی لەو بڕوایەدان ڕۆژی جیهانی ژنان بریتیە لە سیمبۆل و دەرفەت و خواست.
سیمبۆل؛ لەو ڕوانگەیەوەی هێمایەکە بۆ بەرزڕاگرتن بیرخستنەوەی دەستکەوتە گەورەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
دەرفەت؛ لەو سۆنگەیەوەی دەرفەتەکان هەمیشە ڕەخساون و کراوەشن لەبەردەم ژناندا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرکەوتنی زیاتر.
خواست؛ لەو ڕەهەندەوەی ژنان بە تایبەتیش خانمانی گەنج هەرگیز هەستی شکستیان لا دروست نەبێت و نەیکەنە تەگەرە لەبەردەم گۆڕین و وەرچەرخانی سەرنەکەوتنی هەوڵەکانیان بۆ سەرکەوتن.
جا ئێستا جێی خۆیەتی بپرسین؛ کە ڕۆڵی ژنان بەم شێوەیە گرنگە لە کۆمەڵگەدا، ئەی بۆچی کۆمەڵگە بەو شێوە ناڕەوایە مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکات، مافەکانیان زەوت دەکات و ئازادییەکانیان کۆت و بەند دەکات. ئەمەش دیاردەیەکە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە بەڵام بە ئەندازەی جیاواز.
ئایا کێ بەرپرسیارە لە جێگیرکردنی یەکسانی جێندەری؟
ئایا کامیان کاریگەریی زیاتریان هەیە بەسەر یەکسانی جێندەرییەوە، ئاین یان دابونەریتی کۆمەڵایەتی؟
ئایا دادوەری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا یەک پێناسەی هاوبەشی هەیە؟
توبا ئەلیاسی، چالاکوانی مافەکان، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: