رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوکار و هاووپیشەکانی چەندین هەفتە لەمەو پێش گوایە لە لایەن دەزگا ئاسایشیەکانی پارتیەوە لە دهۆک دەستگیر کران و بۆ ماوەی 42 رۆژ لە زیندان مانەوە بەڵام پاشان بە بێ دادگایی کردنیش ئازاد کران. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەمانە لەسەر چ بنەمایەکی یاسایی وە یاخود دەستوری دەستگیر کران.
شێروان شێروانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " سەروبەندی گرتنی ئێمە وە شێوازی هەڵس و کەوتی دەزگا ئاسیشیەکانی پارتی لەگەڵ ئێمە لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوری نەبوو، لەبەر ئەوەی ئێمە نیازمان هەبوو گردبونەوەیەک لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی لە سەنتەری شاری دهۆک بکەین، دەزگا ئاسایشیەکانی پارتی هاتن و من و دوو لە هاوریەکانم دەستگیر کراین، چوار – پێنج رۆژ لە ژێر لێکۆڵینەوە ماێنەوە و پاشان گوازراێنەوە شوێنێکی تر و لەویەوە دیسان بۆ شوێنێکی تر، لە ئەنجامی ئەو 42 رۆژە دوو کەیسیان لەسەر کردینەوە، من ئەتوانم بیسەلمێنم کە هەڵس و کەوتی ئەوان لەگەڵ ئێمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبوو وە دووا جار ئازادکردنی ئێمەش لە هەمان کاتدا لە ئاسایش دهۆک وەکو مەرهەمەتێک کە وەکو بەرێوەبەری ئاسایشی دهۆک باسی کرد ئەمێش ئەچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە بریارێکی سیاسی بوو، گرتنی ئێمە و هەر وەها ئازادکردنی ئێمەش ".
کاک شێروان هەر وەها دەڵێت " ئێمە بە تاوانی گوایە ئاسایشی نیشتمانیەوە دەستگیر کراێن، لە کاتێکدا ئێمە ئەوەمان لە دادگا پەسەند نەکرد وە بە شتێکی بێ بنەمامان زانی بێجگە لەوەی کە ویستیان هەندێ بوختان و تاوانمان بۆ هەڵبەسن، ئێمە هەر کارێکمان کردووە لە چوارچێوەی کاری رۆژنامەگەریمان بوە، ئێمە نازانین چ لێکدانەوەیەک بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەیە، دیارە ئاسایشی نیشتمانی جیاوازە لەگەڵ ئاسایشی حیزبی وە یاخود ئاسایشی پارتی، بریا ئەگەر یاسا هەبوایە ئێمە سوپاسگوزار دەبوین، ئێمە سوودمەندی یەکەم دەبوین، ئێستاش ئێمە کە ئازاد کراوین بەڵام ژیانمان گەرەنتی نییە ".
کاک شێراون دەشڵێت " سەرەرای ئەوەی چاوی جیهان و میدیاکانی جیهان و رای گشتی لەسەر هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ ئەوەش پێشیلکاریەکان رۆژ بە رۆژ لە چوونە سەرەوەدایە، ئەمە بە راستی پرۆسەی دیمۆکراسی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە وە پێشانی ئەوە دەدات ئەوانەی لەسەر دەسەڵات و فەرمانرەوان بڕوایان بە چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و دیمۆکراسی نییە وە لە دەرئەنجامی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی جاران باجەکە قورستر بوە ".