کردەی وەرگێڕان هەر تەنها سەروسەودا کردنێکی سانا نییە لەگەڵ دەقێکدا، بەڵکو کار و ئەرکێکی فرە ڕەهەندییە چونکە چەندێک پێویستت بە زانیاری و زانین هەیە لەسەر ئەو زمانەی تێکستەکەی لێ وەردەگێڕیت و هەروەهاش زمانی دایک، هێندە و لە هەندێک باریشدا زیاتر پێویستت بە هەبوونی زانیارییە تایبەتەکانە لەسەر دەق و لەسەر نوسەر.
وەرگێران هیچی کەمتر نییە لە نوسینی دەقێک و زۆرجاریش بووە کە وەرگێڕێک دەڵێت هێندەی نوسینی چەند ڕۆمانێک، بەدەست وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانەوە ماندوو بووم، بۆ شیعر و چیرۆک و تێکستە ئەدەبییەکانی تریش هەر ئاوەهایە، چونکە وەرگێڕی سەرکەوتوو دەخوازێت لەگەڵ داڕشتنەوەیەکی بابەتیانەی تێکستەکاندا چێژی بابەتەکەش بپارێزێت و بتوانێت سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و کارێکی وەهاش بکات تا کۆتایی دەقی وەرگێڕدراو خوێنەر لەگەڵیدا بمێنێتەوە.
با لێرەدا بڕێک باس لە کردەی وەرگێڕان بکەین لە زمانێکی بیانییەوە بۆسەر زمانی کوردی؛ یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی ئەم جۆرە وەگێڕانە ئەوەیە کە جارێکی تر ئەو تێکستە بە کوردی دابڕێژرێتەوە وەک بڵێی پرۆسەکە پرۆسەی بە کوردی کردن بێت نەک ئەوەی وشە بە وشە یان دێڕ بە دێڕ بکرێت بە کوردی.
هێندەی ئەوەی بەشێک لە ڕۆمان و شانۆنامە بە کوردی کراوەکانی (تۆفیق ئەحمەد عەبدول)م خوێندونەتەوە، ئەگەر هاتبا و ناوی نوسەری یەکەمی لەسەر نەبووایە ئەوا ڕێک دەمگووت وەرگێر خۆی نوسیونی چونکە بەبێ ئەوەی دەستکاری ناوەڕۆکی کردبێت یان ڕووداوەکان بە ئارەزوو و خواستی خۆی بگۆڕێت، هێندە بە زمانێکی پاراوی کوردی کاری لەسەر کردوون ڕێک وەک ئەوەیە نوسەرێکی کورد بە شارەزاییەکی زۆری زمانەوە ئەو تێکستەی نوسیبێت.
بەڕێز عەبدول، بە پێچەوانەی هەندێک وەرگێڕی ترەوە، لە پێناو وەرگێڕاندا نایەت خۆی بخاتە بۆتەی دەستەواژەی وشک و برینگەوە، بەڵکو ماندوو دەبێت و دەگەڕێت بەشوێن دۆزینەوەی دەستەواژەیەکدا کە پڕ بە پێستی مەبەستەکەی بێت و تا خوێنەر وەڕس نەکات لەکاتی خوێندنەوەدا.
دەشێت ئەمە بە وتن سانا بێت لە کاتێکدا دەستی نوسەری دەق ئێجگار واڵا ترە بۆ داڕشتن، بەڵام ئەو دەست کراوەییە بۆ وەرگێڕ ئێجگار سنوردارە، ئەمە بێ لەوەی ئەگەر نوسەر نەیتوانی ئەو بیرۆکەیەی هەیەتی لە پەرەگرافێکدا وێنای بکات بەو شێوەیەی دەیخوازێت، ئەوا لەوانەیە هەر بە تەواوەتی لە نوسینەکەیدا خۆی لە قەرەی نەدات، بەبێ ئەوەی خوێنەر پێیبزانێت، بێگومان ئەمە لە وەرگێڕاندا کاری کردە نییە لەو ڕوانگەیەوەی ئەرکەکە بەرپرسیارێتییەکی ئاکاریانەیە بەرامبەر بە مافی نوسەر و دەربڕینەکانی نوسەر.
تۆفیق ئەحمەد عەبدول، وەک یەکێک لە وەرگێڕە سەرکەوتووەکان، لە وەرگێڕانەکانیدا کە لەسەر پرەنسیپی بە کوردی کردن کاریان لەسەر دەکات هەمیشە ئەو تێکستانەی لە زمانەکانی ترەوە وەریان دەگێڕێت ژینگەیەکی کوردانەیان بۆ دروست دەکات و بە کوردییەکی پاراویشەوە دەیاننوسێتەوە و تایبەتمەندێتییەکی کوردانە و چێژێکی کوردانەشت پێدەبەخشێت، ئەمانەش بێ لەوەی وەک خوێندنگەیەکی زمانیش بە وشە و دەستەواژەی کوردییەکی ڕەسەن ئاشنات دەکات و فێریشمان دەکات.
ئەمەش بەڵگەیەکی نکوڵی لێنەکراوە کە (تۆفیق ئەحمەد عەبدول) لە زماندا قاڵ بۆتەوە و زۆر هانا ناباتە بەر وشە بیانییەکان یان داتاشینی وشە، بەڵکو هەوڵێکی ماندوونەناسانە دەدات تا وشەیەکی کوردی بۆ دەدۆزێتەوە و لەوەش گرنگتر دەزانێت هەر یەکێک لەو وشانە چۆن و لە کوێی ڕستە و پەرەگرافەکاندا بەکاربهێنێت.
یەکێک لە بەهرە و تایبەتمەندێتییەکای تری تۆفیق ئەحمەد عەبدول، دەستگرتنی کاراکتەرەکان و پاڵەوانەکانی تێکستەکانە کە وەریاندەگێڕێت، ڕێک وەک بڵێی پێشتر دۆستایەتییەکیان لەگەڵدا دروست دەکات و دەیانکاتە هاوڕێ و پێیان دەڵێت لە بیرتان نەچێت بۆ لەمەودوا بە زمانێکی نوێوە لەگەڵ خوێنەرانی ئێمەدا دەکەونە ئاخاوتن، ئیدی لەوەو دوا دەبینیت هەمان ئەو پاڵەوانە، هەمان ئەو کاراکتەرانە بە بەرگی کوردییەوە لە منداڵدانی زمانەوە بە گەورەیی، وەک خۆیان چۆنن ئاوەها دەکەونە ناو چنینی درامایی دەقەکانی نیشتمانی خۆیان، بەڵام بە زمانێکی جودا.
ئەمەیە ئەفسونی ئەو وەرگێڕانانەی لای "بەڕێز عەبدول" بۆتە بەکوردی کردنی دەق.
ئایا دەکرێت وەرگێڕان وەک نوسینەوەی جارێکی تری دەق لێی بڕوانرێت؟
جیاوازییەکان لە نێوان بە کوردی کردنی دەق و وەرگێڕانی دەقدا چین؟
بۆچی تا ئێستا بایەخێکی ئەوتۆ نەدراوە بە وەرگێڕانی تێکستە کوردییەکان بۆ زمانەکانی تر؟
تۆفیق ئەحمەد عەبدول، نوسەر و وەرگێر لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: