زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و هێشتا کابینەی نوێ بۆ هەرێم پێکنەهاتووە.
لایەنە سیاسییەکان لۆمەی یەکتر دەکەن بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆ.
هوشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت هیوای هەیە تا کۆتایی مانگی چوار پێکهێنانی کابینەی نۆ تەواو ببێت لە نێوان پارتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا و دەڵێت "لە دەستپێکدا ئەم پرۆسەی دانوستاندنە جەختمان کردەوە لەوەی دەمانەوێت پێکەوە ئەم حکومەتە پێکبهێنین و ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بگیرێت."
بەڕێز زێباری دەڵێت بەڕاستی پرۆسەکە زۆری خایاند بەڵام لە ئەنجامدا بە هاوکاری هەردوو لایەن (پارتی و یەکێتی) لەگەڵ پشوودرێژییەکی زۆری پارتیدا گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەگەڵ برادەرانی یەکێتی و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا و پرۆسەکەش لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەستپێدەکات و دەشڵێت گەشبینە بەوەی تا کۆتایی مانگی چوار حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە متمانە و دووبارەنەبوونەوەی ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی سەروەختی کابینەی هەشت وەک داخستنی پەرلەمان و لادانی وەزیرەکان لە پۆستەکانیان، بەڕێز زێباری دەڵێت گەشبینە چونکە ڕەوشەکە لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو باشتر دەڕوات لە هەرێمی کوردستان لەو ڕوانگەیەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەرێم و وڵاتانی دەوروبەر، موچەی خەڵک و نەمانی پاشەکەوت، بودجە دێت و ڕەوشی ئاسایشی باشە، جموجۆڵێکی باشتری ئابوری هەیە.
هوشیار زێباری، ئاماژەش بەوە دەکات ئەو لایەنانەی کە بەشدار نابن لە پێکهێنانی حکومەتدا دەتوانن ببنە ئۆپزسیۆنێکی ئەرێنی و دەشڵێت لای پارتی دیموکراتی کوردستان ئۆپزسیۆنی ئەرێنی بە مانای ئەوە دێت کە ڕۆڵی خۆیان ببینن و چاودێری حکومەت بکەن، لە هەموو شتێکدا نەرێنی نەبن و هەر بگوترێت خراپە، ئەگەر حکومەت شتێکی باشی کرد ئەوا لەگەڵی بن، بەو مانایەی هەتا هەتایە نەرێنی نەبن وەک هەندێک لایەن دەیکەن.
بەڵێن ساڵح، وتووێژی لەگەڵ هوشیار زێباریدا کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: