Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر نەبەز حەمە ڕەشید / بەشی یەکەم


پێم وانییە مرۆڤێک هەبێت لەسەر ئەم گۆی زەویە گوێی بۆ موزیک ڕانەدێرابێت، مەرجیش نییە ئەو موزیکە هەر تەنها لە ئامێرەکانەوە بژەنرێن.

هەندێک جار سروشت دەبێتە موزیسیان و لەڕێی باران و با و هەور و شەپۆل و هتد وەهامان لێدەکات بە ئەسپایی گوێ ڕادێرین و سات بە سات لەگەڵیدا بژین.

ئەمە ئەفسونی موزیکە و نیشانەیەکی ئاشکرای پەیوەندییە ئۆرگانییەکەی نێوان مرۆڤ و موزیکە جا لەهەر قۆناغێکی گەشەکردنی کۆمەڵگەدا بێت.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکانیش بۆ ئەم پەیوەندیە دانەبڕاوەی نێوان مرۆڤ و موزیک یان موزیک و مرۆڤ ئەوە بێت کە هەرگیز مرۆڤ نەیتوانیوە خۆی داببڕێت لەم هونەرە گەورەیە کە هەمیشە لە نۆژەن بوونەوەدایە، هەرچەندە هێشتاش مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر پێکەوە گرێدانی نۆژەن کردنەوە بە مانای هاوچەرخێتی، لەگەڵ پاراستنی ڕەسەنایەتی موزیکدا،هەر بۆیە دەبینین زۆر جار ئەو پرسیارە دەکرێت ئایا دەشێت ببینە خاوەنی موزیکێکی هاوچەرخانە و ڕەسەنایەتی ئاواز و موزیکی خۆمانمان پاراستبێت؟! یانیش پرسیارگەلێکی زۆر دەکرێت سەبارەت بەوەی لە هەر پرۆسەیەکی هاوچەرخی بووندا کامیان دەبنە قوربانی ئەوی تریان، ڕەسەنایەتی دەبێتە قوربانی دەستی هاوچەرخی بوون یان پێچەوانەکەیەتی؟!

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەروا سانا نین، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی بابەتیانە و ئەکادیمیستیانە هەیە، بۆ ئەمەش زۆر جار ڕوو لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی تایبەت بە موزیک دەکرێت بۆ دەستکەوتنی وەڵامێکی گونجاو.

دەتوانم بڵێم ئا لێرەوە خوێندنی موزیک بە شێوەیەکی ئەکادیمی گرنگە، چونکە هەر ڕۆژە و جۆرێکی تر لە پرسیاری نوێ سەرهەڵدەدەن، ئەمە بێ لەوەی کوردیش وەک هەموو نەتەوەیەکی تر پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە لەسەر یەکێک لە هەرە گرنگترین ژانرەکانی هونەر کە موزیکە.

ناکرێت موزیک لە خوێندن داببڕێت، کە دەشخوێنرێت پێویستە بەرنامەکانی خوێندن لەسەر بنچینەی ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانە بن کە پسپۆڕانی کورد یان غەیرە کورد لەسەر موزیکی کورد ئامادەیان کردووە. نابێت لەبیرمان بچێت بایەخدان بە هونەری موزیک تەمەنێکی دێرین و دوور و درێژی هەیە و بە گرنگییەکی گەورەشەوە لێی دەڕوانرێت، چونکە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵناسان جەختیان کردۆتەوە لەوەی موزیک کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر گەشەکردنەکانی هزری مرۆڤ، هەر بۆیەشە دەبینیت لە جیهانی پێشکەوتوودا نەک هەر تەنها خوێندنی موزیک هەیە بەڵکو بڕوانامەی باڵای لەسەر وەردەگیرێت و ئەمەش بەو مانایەیە لای بەندە، وەک چۆن موزیک بەردەوامە و کۆتایی بۆ نییە، ئاوەهاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن.

بەڵام لێرەدا ناکرێت خۆمان لە پرسیارگەلێک دوور بخەینەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەو کۆلیژ و پەیمانگە ئەکادیمیانەی موزیک توانیویانە هەر هیچ نەبێت مێژووی موزیکی خۆمانمان بۆ بنوسنەوە؟ یان ئایا توانیویانە ببنە چاودێرێکی ڕاستەقینە و بەرپرسیارانە سەروسەودا لەگەڵ موزیکدا بکەن؟

لەوانەیە یەکێک لە وەڵامەکان بۆ ئەو پرسیارانە ئەوەبێت کە مێژووی کورد مێژوویەکی دژواربووە و هێشتاش دەکرێت بگوترێت لەو دژوارییە ڕزگاری نەبووە، یان دەشێت بگوترێت کتێبخانەی کوردی بۆ کتێبەکانی تایبەت بە موزیک هەژارە.

ئایا موزیکی کوردی لە کوێی موزیکی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشدایە؟

ئایا موزیکی کوردی دەتوانێت لەگەڵ پاراستنی ڕەسەنایەتی خۆیدا موزیکێکی هاوچەرخانە بەرهەم بێنێت؟

بۆچی لێکۆڵینەوە لە بواری موزیک لە فەرهەنگی کوردیدا کەمن، لە کاتێکدا موزیک لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەدایە و ژمارەیەکیش کۆلیژ و پەیمانگەی تایبەت بە موزیکیش هەن؟

دکتۆر نەبەز حەمە ڕەشید، هونەرمەندی موزیسیان لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

*تێبینی: هەفتەی ئایندە بەشی دووهەمی ئەم بەرنامەیەتان پێشکەش دەکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:09 0:00

XS
SM
MD
LG