لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا لەگەڵ دکتۆر نەبەز حەمە ڕەشید، هونەرمەندی موزیسیان ژمارەیەک تەوەرمان باس کرد لەوانە ڕەسەنایەتی هاوچەرخیبوون لە موزیکی کوردیدا.
لە بەرنامەی هەفتەی ڕابردووی ژیان لە فەرهەنگدا ئەم هونەرمەندەمان وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە کە سەبارەت بە ئاستی موزیکی کوردی بوون لە بەرامبەر موزیکی وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا و هەروەهاش هۆکارەکانی کەمی لێکۆڵینەوەکانی تایبەتن بە موزیک بە گشتی و موزیکی کوردی بە تایبەتی.
ئەمانە بێ لەوەی دکتۆر نەبەز وەڵامی هەندێک لە تێبینی و سەرنجەکانی گوێگرانی ئازیزیشی دایەوە، بەڵام بەهۆی کاتی بەرنامەکەوە نەتوانرا وەڵامی بەشێکی سەرنجەکانی گوێگرانی ئازیزمان بداتەوە.
هەر بۆیە بە باشمان زانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەش میوانداری ئەم هونەرمەندەمان بکەینەوە تا وەڵامی تێبینی سەرەنجەکانی خۆشەویستان بداتەوە و هەروەها لەسەر چەند تەوەرێکی تریش قسەی لەگەڵ بکەین. سوپاسگوزاری دکتۆر نەبەزم کە داواکەی ڕەت نەکردینەوە.
بۆ ئەم هەفتەیەش لەگەڵ هونەرمەند نەبەز حەمە ڕەشیدا پرسی رەخنە تاووتێ دەکەین و بزانین بۆچی ڕەخنەی موزیک لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە خانەی نەبوودایە، کاریگەرییەکانی نەبوونی ئەم جۆرە ڕەخنەیە چەندە بەسەر بەرەوپێشچوونی موزیکی کوردییەوە.
ڕەخنە هەر تەنها ئەوە نییە وەک ناڕەزایی و باسکردن لە کەموکوڕی و کەمتەرخەمی بکرێت و بەرامبەر پارچە موزێکێک بخرێتە ڕوو، نا ، بەڵکو ڕەخنەی راستەقینە و زانستیانە دەبێتە زەمینەیەک بۆ بەرەوپێشچوون و دەتوانێت لە خوێندنەوە وردەکاندا قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەم هونەرە باڵایەمان بۆ پۆلێن بکات.
ژیان شوکر، دایکی ڕێهات، هونەرمەندی جوانەمەرگ ئاماژە بە ڕۆڵی کۆمەڵگە دەکات لە پشتیوانیکردنی هونەرمەندی داهێنەر و بە هەناسەیەکی پڕ لە حەسرەتەوە دەنوسێت " ڕێهاتی جوانەمەرگی من نمونەي موزیسیانێکی بەتوانا بوو بەڵام سەد مەخابن نەيان هێشت بگاتە ئەو ئاستەى خۆى ئەيويست."
ئایا چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگە پشتیوان بێت و ڕێگە بگیرێت لە دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی وەک ئەوەی هونەرمەند ڕێهات؟ کۆمەڵگە دەتوانێت چی بکات بۆ دووبارە نەبوونەوەیان؟
ئایا ڕەخنەگری میوزیکمان هەیە، ئەگەر نیمانە بۆ؟
ئایا شتێک هەیە بە ناوی مۆرکی میوزیکی کوردی گەر هەیە چۆن بیدۆزینەوە و بیپارێزین؟
دکتۆر نەبەز حەمە ڕەشید لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: