Accessibility links

بارام سوبحی : لە هەرێمی کوردستان، هێشتا تاوانبارانی ئەنفال داڵدە دەدرێن


ڕۆژنامەنووس بارام سوبحی
ڕۆژنامەنووس بارام سوبحی

31 ساڵ بەسەر پرۆسەی ئەنفالدا گوزەر دەبێت، هێشتا ئەو دۆسێیە لە سەردەستی حکومەتی هەرێم شتێکی بەرچاوی بۆ نەکراوە، وەک کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەو لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەو پاراستنی رزگار بوانی ئەو پرۆسەیە، یان بە دادگایی گەیاندنی موستەشارەکان.

رژێمی بەعس بە هاوکاری ئەو کوردانەی کە سەر بە حکومەتی بەعس بوون لە ساڵانی هەشتاکان ئەنفالی کوردی کرد، بە پێی ئاماری حکومەتی هەرێم 182 هەزار کورد لەو پرۆسەیەدا کۆمەڵ کوژ کراون.

بارام سوبحی یەکێکە لە نەوەکانی ئەنفال کە باوکی لەو پرۆسەیەدا دیار نەماوە و باوکی خۆی نەدیوە، وەکو قوربانییەک و رۆژنامەوانێکی شارەزا لە بارەی 31 هەمین ساڵڕۆژی ئەنفال دەڵێت "ئەو دۆسێیە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بە جدی وەرنەگیراوە، شتێکی ئەوتۆ نەکراوە کە شایانی باس کردن بێت، بەنموونە هێشتا روفاتی ئازیزان لەو بیابانانەی خوارووی عێڕاق ماوەو ئەو ژمارە کەمەی هێناویاننەتەوە، هیچی نە ناسراونەتەوە، لەبەر ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ نەکردوون، چەند مۆنۆمێنتێ کراونەتەوە لە ئاستی ئەوەدا نین کە بەڵگەی تیا کۆبکەنەوە و دۆسییەکە وا لێبکەیت کە لە جیهان بە جینۆساید بناسێندرێت، هەروەها ئەوانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان رزگارییان بووە نا پارێزرێن."

لەبەشێکی تری وتوێژەکە باس لەوە کراوە لە دادگای باڵای تاوانەکانی بەغداد هاوتای بە دادگا گەیاندنی سەرانی رژێم، باس لەو موستەشارو جاشانەش کراوە کە تاوانباربوون و دەبێت دادگایی بکرێن، هەروەها قەرەبووی زیان لێکەوتووان بکرێتەوە، بارام لەو بارەیەوە دەڵێت "حکومەتی هەرێم لە رێگەی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار یەکێتی و پارتی داڵدەی ئەو کەسانە دەدەن کە تاوانبارن و لە کارەساتی ئەنفالدا دەستیان هەبووە، هیچ فشارێکیشیان لەسەر بەغداد نەکردووە تا بڕیارەکانی دادگای باڵا جێبەجێ بکات."

XS
SM
MD
LG