زیاتر لە دوو سەد ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و هیشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
زۆرێک لە گەورە کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێ دەڵێن؛ هێندەی نەماوە، یان دەڵێن لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆتایی پێدێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک دیار نییە بەوەی کەی وە چۆن ئەم کابینە نوێیە پێکدێت.
دکتۆر جەعفەر عەلی، شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت پرۆسەی پێکنەهێنانی کابینەی حکومەت و ئەو پەیمانانەی لە دانیشتن و گفتوگۆکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا لە میدیاکانەوە بە خەڵک دەدرێن لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی حزبی ئەم هەرێمەوە، دیارە شتێکی نوێ نین و شتێکی ئێجگار دووبارەبووەیە و خەڵکیش دەست و پەنجەی نەرم کردووە لەگەڵ ئەم جۆری پەیمانانە و ئەم جۆری گفتوگۆ و ئەم جۆرە ڕێککەوتنانەدا و دەشڵێت خودی ئەو پەیمان و ڕێککەوتنانە ناڕاستن و شتێک نین خەڵک دڵی پێیان خۆشبێت یان متمانەیان پێبێت.
دکتۆر جەعفەر ئاماژەش بەوە دەکات ئەڵتەرناتیڤی تر لە بەردەستدا نییە بۆ پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ و وەک دەڵێت بەرژەوەندی هێزە سیاسییە گەورەکان لەوەدایە کە ئەم کابینە نوێیە پێک بێت.
دکتۆر جەعفەر دەڵێت یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە تا ئەندازەیەکی گەورە بێ متمانەیی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەشڵێت " بە درێژایی مێژووی سیاسی ئێمە یەکێتی و پارتی متمانەیان بە یەکتر نەبووە، وە بە درێژایی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە ساڵی 2009وە وەک هێزێکی سیاسی کە بەشداری پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی کردووە، ڕێککەوتن و هەندێک جار گفتوگۆ و هەندێک جار ململانێی زبری هەبووە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تر بە تایبەتیش لەگەڵ هێزەکانی دەسەڵاتدا، یانی متمانەیەکی ئەوتۆ لە نێوان گۆڕان و یەکێتی و گۆڕان و پارتیشدا دروست نەبووە."
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر جەعفەر عەلی باسیش لەوە دەکات ئەوەی لە ناو هەرێمی کوردستاندا بە ناوی بەرژەوەندی گشتیەوە قسە دەکات جێگای متمانەی خەڵک نییە، وەک دەڵێت ئەگەر ئەمە درۆیەکی گەورە نەبێت ئەوا بەلانیکەم ناڕاستییەکی زۆری تیادایە و دەڵێت "ئەوەی لە ڕێککەوتنە سیاسییەکاندا دەکرێن ڕاستە شەڕی بەرژەوەندی گشتی تیادایە بەڵام دوا جار لە ڕەفتار و لە کاری سیاسیدا و لە کاری بەڕێوەبردندا شتێکی زۆر پێچەوانە دەبینیت."
سەبارەت بە جیاوازی نێوان کابینەی نۆ کە بڕیارە مەسرور بارزانی تیایدا ببێتە سەرەک وەزیر و کابینەی هەشت کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، دکتۆر جەعفەر دەڵێت جیاوازییەکی قوڵ نابینێت لە نێوان هەردوو کابینەکەدا و دەشڵێت پێی وانییە لە هەرێمی کوردستاندا جیاوازی زۆر گەورە و بەرجەستەکراو لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: