Accessibility links

دکتۆر یومنا ئەلحوماقی: میدیای ئازاد و ئازادی ڕاگەیاندن بە مانای کۆمەڵگەی ئازاد و سیستەمی ڕەوای ڕێبەرایەتیکردنە


پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەوانان زۆرن، لەوانە کوشتنی ڕۆژنامەوانان و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و دوورخستنەوە و لەپەراوێزنان و داخستنی میدیاکان و چەندان شێوەی تری پێشێلکاری.

دکتۆر یومنا ئەلحوماقی، پسپۆڕی ئابوری سیاسی لە زانکۆی قاهیرە لە میسر دەڵێت یەکێک لە هەرە قێزەونترین و بێزراوترین جۆرەکانی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و دەزگا سەربەخۆکانی میدیا دەکرێت بریتیە لە شەڕی ئابوری و دارایی لەگەڵ ئەو میدیایانەدا و دەشڵێت دەسەڵاتەکان هەمیشە بیانوی ئامادەباشیان هەیە بۆ ئەو پێشێلکاریانەی دەیکەن.

دکتۆر یومنا دەڵیت هەموومان دەزانین کە سەختییەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەیە و بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەندییان بە ناسەقامگیرییەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و پەیوەندی بە تێرۆریزم و بە پاراستنی ناوچەکان و بەڕەوشی سیاسی وڵاتەکانیشەوە هەیە، بەڵام مەخابن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانی عەرەبیشدا ئەم سەختی و ئاڵۆزیانە وەک دەرفەتێکی گونجاو بەکاردەهێنرێن بۆ لێدانی ئازادیەکانی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین، وە دەشڵێت بە مەبەست و بە بەرنامەش کۆمەکی دارایی لەو نێوەندانەی میدیا دەبڕن و دەگاتە ئەندازەیەک کار و ئەرکەکانیان دووچاری ئیفلیجی دەکات و لە بەرامبەریشدا داهاتی گشتی وڵات بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی دەخەنە بەردەم ئەو جۆرە میدیایانەی لە خزمەت ڕوانینی سیاسی لایەنە فەرمانڕەواکاندان، هەر بۆیەشە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانی عەرەبیشدا پاشەکشەیەک لە میدیای ئازاد و بوێر و ڕاستگۆدا بەدیدەکرێت.

پێنەدانی زانیاری بە میدیاکان وەک یەک بەشێکی تری گرفتی میدیایە لەو ناوچەیەی جیهاندا.

دکتۆر یومنا لە زانکۆی قاهیرە دەڵێت هەندێک زانیاری هەن ئێجگار گرنگن بۆ ڕای گشتی تا بتوانێت ببێتە خاوەن بڕیاری خۆی، بەڵام دەشڵێت شاردنەوەی ئەو زانیاریە گرنگانە کە مەرج نییە هەر تەنها زانیاری سیاسی بن دەشێت وەک بەشێک لە هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی لێی بڕوانرێت.

ئەم پسپۆڕەی ئابوری سیاسی لە زانکۆی قاهیرە دەڵێت خستنە بەردەستی زانیارییە ئابوری و داراییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە لەو ڕوانگەیەوەی ڕای گشتی زانیارییە ڕاست و دروستەکانی دەکەوێتە بەردەست و کاتێک دەزانێت فەرمانڕەوایانی وڵاتەکانیان لەسەر چ بنچینەیەک کار دەکەن، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک ئاستی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات بەرەو زیاتربوون دەڕوات نەک وەک ئەو بێ متمانەییەی پێش ساڵی 2011 و دەستپێکردنی بەهاری عەرەب لەو وڵاتانەدا هەبووە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر یومنا ئەلحوماقی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:49 0:00

XS
SM
MD
LG