ئەمریکا کەشتی جەنگی و فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک وەڵامێک بەرامبەر ئاماژە و ئاگاهیدانە مشتومڕ لەسەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، لە ڕاگەیاندنێکی نوسراودا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە ناردنی ئەو کەشتییە و جموجۆڵە لەشکرییەکانی تری ئەمریکا بۆ ئەو ناوچەیەی جیهان بەمەبەستی ناردنی پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەر بێتوو ڕژێمی ئێران هەر هێرشیک بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ئەوا بەبێ هیچ دوو دڵییەک لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە وەڵام دەدرێتەوە.
لەگەڵ ئەم پەرەسەندانەدا بەڕێوبەرایەتی ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی تری سەپاندە سەر ئێران هاوکاتی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ناوکییەی پێشتر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ئۆباما و زلهێزەکانی تری جیهان و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێراندا مۆریان کردبوو.
میوانی بەرنامە:
سۆران پاڵانی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
لەو بڕیارەی ڕۆژی چوارشەممەی بەڕێوبەرایەتیدا سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی ئەم بڕیارانەی ئەمریکا بە مەبەستی ڕێگەگرتنە لە هەموو دەستڕاگەیشتنێکی ئێران بە مەتریاڵەکانی لە چەکی ناوکی و موشەکە باڵستیکیە کیشوەربڕەکان بەکاردەهێنرێن و هەروەهاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئەم سزایانە وەک پەیامێکیشە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن یان ڕێگە بە بازرگانیکردنی ئێران دەدەن لە ڕێی بەندەرەکانیانەوە.
سەرۆک ترامپ دەڵێت هێشتا سزای تریش ماون تا بەسەر ئێراندا بسەپێندرێن.
ئێران لە ئێستادا وادەیەکی داناوە بۆ وابەستەبوونی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەیەوە، ئەو وادەیەش تەنها دوو مانگە تا ئەوروپا هەوڵی ڕژد بدات بۆ دەرهێنانی بانکەکان و پیشەسازی نەوتی ئێران لەو پەراوێزخستنەی تێی کەوتووە. ئەمەش هەڵوێستێکە نیگەرانی ئەوروپاییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە. لە ڕاگەیاندنێکدا یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "هێشتا وابەستەین بە پاراستنی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەو ڕێککەوتنە. داوا لە ئێران دەکەین بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو وابەستەییانەی لەسەریەتی بەپێی ڕێککەوتنەکە، هاوشێوەی ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی، وە هیچ هەنگاوێک نەنێت بۆ بارگرژی زیاتر لە ڕەوشەکەدا."
ئایا جموجۆڵە لەشکرییەکان لە کەنداوی فارسدا تا چەندێک ئەگەری شەڕی لێدەکەوێتەوە؟
ئایا سزاکان لە سەر ئێران هێندە کاریگەرییان دەبن تا بگوترێت شەقامی ئێرانی دەجوڵێنن؟
ئایا ئۆپزسیۆنەکانی ئێران بە گشتی و کوردیش بە تایبەتی خاوەنی پڕۆژەن بۆ ئایندەی ئێران؟
سۆران پاڵانی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: