سەرەک وەزیری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەیسەردانی ئانکەرە پایتەختی تورکیا دەکات.
لەو سەردانەی ڕۆژی چوارشەممەیدا دکتۆر عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا و گەورە کاربەدەستانی تری ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوەی کردووە و ژمارەیەک دۆسێی گرنگی نێوان بەغدا و ئانکەرە لەو کۆبوونەوانەدا باسکراون.
پێدەچێت لەو سەردانە کورتەدا بەپێی لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکان، بەغدا و ئانکەرە لەسەر ژمارەیەک تەوەر ڕێککەوتبن لەوانە؛ ڕێککەوتن لەسەر هاوکاری ئاسایشی و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و لەشکری و سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە کاراکردنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
لە کۆبوونەوەکەی دکتۆر عەبدولمەهدی و ئەردۆگانیشدا باس لە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی عێراقی تورکی کراوە کە لە پەنجا ئەندام پێکدێت بۆ ئامادەکردنی پلانی باشترکردنی چۆنییەتی بەکارهێنانی ئاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
سەرۆکی تورکیا لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرەک وەزیری عێراقدا ئاماژەی بەوە کردووە بەغدا و ئانکەرە شییانی ڕێککەوتنێکی لەشکریی ئاسایشییان باسکردووەبەمەبەستی زیادکردنی هاوکارییە لەشکرییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا.
میوانی بەرنامە:
ڕێبین فەتاح، ڕۆژنامەوان و توێژەر لە ناوەندی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارە سیاسییەکان.
بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە بەغداوە، لە ساڵی 2008یشدا ڕێککەوتنی ئاسایشی لەگەڵ تورکیادا مۆرکراوە بەڵام وەک دەگوترێت کاری پێنەکراوە.
نەوت یەکێکە لە دۆسێ گرنگەکانی تری نێوان ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە.
سەرۆکی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ چاککردنەوە و کاراکردنەوە و دەستبەکارپێکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی کەرکوک – جەیهان، هەروەهاش کڕینی نەوتی عێراق.
تورکیا پێشتر ڕێککەوتنێکی پەنجا ساڵەی مۆرکردووە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کابینەی هەشتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
هەر دوابەدوای ئەو سەردانەی شاندی عێراقی بۆ تورکیا، وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کردووە وڵاتەکەی ژمارەیەک ڕێوشوێنی گرتۆتە بەر ئەگەر بێتوو بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە ڕێگە لە هاوردەکردنی سوتەمەنی بگیرێت لە ئێرانەوە.
هەر لەو لێدوانەیدا بۆ پەیامنێران (ثامر غضبان) باسی دۆسێی نەوتیشی کردووە لەگەڵ تورکیادا و دەڵێت بەرنامە هەیە بۆ ڕاکێشانی بۆرییەکی نوێ ڕێک بە شانی بۆرییە کۆنەکەدا لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان و ئانکەرەش ئامادەیە بۆ زیادکردنی ڕێژەی هەناردە کردنی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەی.
ئایا لەپاش ئەم سەردانەی دکتۆر عەبدولمەهدی بۆ ئانکەرە ئەگەری هیچ پێشهاتێکی نوێ دێتە ئاراوە؟
ئایا تورکیا و عێراق دەتوانن پێکەوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا؟
ڕێبین فەتاح، ڕۆژنامەوان و توێژەر لە ناوەندی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارییە سیاسییەکان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: