لە کاتێکدا سەرنجێکی زۆر هەبوو لەسەر بەرنوسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەلێ پاش ڕێککەوتنی سیاسی لایەنەکان ئەو بەرنوسی یاسایە پەسەند کرا.
پێشتر هەر سێ لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمیش ڕێککەوتن و بەرپرسەکانی پارتی دەیانگوت کاندیدەکەیان نێچیرڤان بارزانی هەشتا و یەک دەنگی پەرلەمانتارانی مسۆگەرە.
لە دەنگدانەکەی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانیشدا نێچیرڤان تەنها شەست و هەشت دەنگی بەدەست هێنا پاش ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە هەنگاوێکی بێ پێشینەی چاوەڕواننەکراودا بایکۆتی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کرد.
دکتۆر بیلال وەهاب، لە نێوەندی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت ئەوەی ڕۆژی سێشەممە لە پەرلەمان روویدا هەواڵێکی باش و ئەرێنی نییە بۆ سیاسەت و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دەشڵێت "چونکە لە کوردستان دەستورمان نییە و یاسا سەروەر نییە، بۆیە سیاسەت و ڕەوایی دەسەڵات لە هاوسەنگی نێوان پارتی و یەکێتی دروست دەبێت و کاتێکیش لاسەنگی دروست دەبێت ئەوا ڕەوایی ئەو دامەزاراوانە لەکەدار دەبێت."
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر بیلال ئاماژەش بەوە دەکات کێشەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان بوونەتە قوربانی ئەم جۆرە کێشە سیاسیانەی ناو هەرێمی کوردستان و ئەگەریش هاوڕایی لەناو هەرێمدا دروست نەبێت ئەوا جارەسەرکردنی دۆسێی ناوچە دابڕێندراوەکان هێندەی تر ئاڵۆز دەبن.
دکتۆر بیلال وەهاب دەڵێت ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ڕوویدا باش نییە بۆ سەقامگیریی و بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستانیش و دەشڵێت ئەمەش نیشانەیەکی ترە کە سیاسەت کردن لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوندی لایەن و لایەنکارییە نەک بۆ نەتەوە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: