لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی وڵاتانی عەرەب لە عەرەبستانی سعودیە جەخت دەکرایەوە لەوەی ئێران سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییە بۆ ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
بەڵام لەگەڵ ئەو جەخت کردنەوەیەشدا نەتوانراوە هاوڕاییەک لەسەر ئەم دۆسێیە لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا بێتە ئاراوە.
مەجدی ئەلدەقاق، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی بنکە لە وڵاتی میسر دەڵێت هەموو وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا هەمان ئەو ڕوانینە سیاسییەیان نییە بۆ دۆسێی ئێران بەڵکو هەڕەشە و مەترسی تریش دەبینن بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانی کەنداو و ڕەوشی ئاسایشی جیهانی عەرەب.
بەڕێز ئەلدەقاق دەڵێت لە ئێستادا پێدەچێت ئاڕاستەیەک هەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گرژی و پشێویەکان، هەر بۆیە وەک دەبینرێت هەوڵ دەدرێت بۆ دروستکردنی هاوڕاییەکی عەرەبی و ئیسلامیش و بە دیاریکراوی ئیسلامییە سوننەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەت و ڕێبازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک مەجدی ئەلدەقاق، سەرنوسەری پێشووی گۆڤاری ئۆکتۆبەر دەڵێت " لە پێناو ئەو جۆرە ئامانجانەدایە کە ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانی کەنداویش تێدەپەڕێنێت."
ئەم شیکەرەوە سیاسییە لەو بڕوایەدایە هەر هیچ نەبێت بۆ ئێستا ئەمریکا شەڕی ناوێت و ناخوازێت ئاشوبێک لەناوچەکەدا دروست ببێت چونکە دەزانێت لە کۆتاییدا ئێران لەبەردانەواندن دەکات و ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت و بەمەش تاران هەندێک دەستکەوتی دەبێت، لەوانە هێورکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێرانی داناون.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ مەجدی ئەلدەقاق، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: