هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان وە بە تاێبەت قەندیل و دەڤەری میدیا کارێکی نوێ و نامۆ نییە.
ئاخۆ هێڕشی ئەم جارە بۆ سەر خواکورک کە بە کرداری چڕنووک ناسراوە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەوانەی تردا هەیە؟
ئایا ئەمەی تورکیا دەیکات تۆڵە سەندنەوەیە بەرامبەر بە هەلویستی ئۆجەلان، KCK, PKKیان HDP
ئاخۆ تا چەند گەریلاکانی پەکەکە بە باشی راهێنراوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکەری تورکیا.
ئەگەر پارتی گوایە بەرژەوەندی لەگەڵ تورکیادا هەیە بێدەنگە، ئەگەر سەرۆکی هەرێم وەکو ئێوە دەڵێن کادری ئاکەپەیە بێدەنگە وە ئەگەر سەرۆکی نوێ حکومەتیش هەر سەر بە پارتیە بێدەنگە، ئەی بۆ پەرلەمان بێدەنگە، بۆ یەکێتیی، گۆڕان، لایەنەکانی تر، رۆناکبیران، کەسایەتیەکان وە هاووڵاتیانی کورد بێدەنگن؟
شەماڵ بەشیری لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " لە راستیدا جیاوازیەکی زۆرن لە نێوان ئەم شەرەی کە ئێستاکە لە ئارادایە، ئەو کاتەی کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ببوە بە بەشێک لە هێڕش و شەڕی سوپای تورک لە خواکورك لە دژی پەکەکە، لە قوناغی سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، حکومەتێکی بێ ئەزمون، حکومەتێکی لاواز کە هێشتا خۆێ نەگرتبوو، بۆیە ئەو کات دەتوانرا کۆمەڵێک هۆکار ببێنرێتەوە بۆ ئەوەی بۆ چی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق مەجبوری کردەوەیەکی ئا بەم شێوازە بوو، بەڵام ئەوەی کە ئێستاکە جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەمرۆکانە دووای زیاتر لە 20 ساڵ کورد لە قوناغێکی ئێجگار زۆر جیاوازتردایە لە هەرێمەکەدا، لە جیاتی یەک دانە ستاتۆێ کوردی لە هەرێمەکەدا دوو ستاتۆێ کوردیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەیە وە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو حکومەتە ساوا تازە پێیگەیشتوەی ساڵانی 90 نییە، بەڵکو 25-30 تاقیکردنەوەی هەیە وە لە هەمان کاتیشدا خاوەن مەشروعتەێکی هەرێمی و نێۆنەتەوەییشە، ئەمانە وا دەکات جیاوازیەکی یەکجار زۆر لە نێوان ئەم دوو قوناغەی ساڵانی 90 و ئێستاکانە بێتە ئاراوە ".
کاک شەماڵ هەر وەها دەڵێت " ئەم هێڕشە کە ئێستاکە دەستپێکردووە گوزارش لە بن بەستێکی سیاسی دەکات کە لە ئارادایە وە لە دەرئەنجامی ئەم گەیشتن بەو بن بەستەیە دەوڵەتی تورک دەیەوی هەوڵی هەرە دووایی خۆی بدا، بە تاێبەتی ئەوەی جارێکی دیکە قوناغێکی هەڵبژاردنێکی نوێ شارەوانیەکانی ئیستامبول لە ئارادایە وە بۆ دەوڵەتی تورک وە هاووپەیمانیەتی فاشیزم پارتی مەهەپە و پارتی ئاکەپە هەبوونی شەڕێکی لەم چەشنەدا گرنگە ".
کاک شەماڵ دەشڵێت " من لەو بروایەدام ئەمە بە هەڵکەوت نییە، شتێکی تصادفی نییە، ئەم هێڕشەی ئێستاکە بۆ سەر خواکورک دەست پێدەکات هاووکاتە لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لە لایەن نیچیرڤان بارزانیەوە، واتە بۆ ئەوەی بگات بە سەرۆکایەتی هەرێم رەزامەندیەکی هەرێمی پێویستە و رەزامەندیە هەرێمیە هەم ئێران و هەم تورکیا لەسەری کۆکن، وە لەبەر وەرگرتنی ئەم پۆستەش جارێکی تر هاووپەیمانیەکی لەشکەری، ئەمنیەتی و سیاسی لە نێوان نیچیرڤان بارزانی و دەوڵەتی تورکیادا و ئەم جارە بە پشتگیری دەوڵەتی ئێرانیش هاتوەتە ئاراوە ".
کاک شەماڵ هەر وەها دەڵێت " من پێیم وایە گەریلا لە ئامادەگیەکی باشدایە، پەکەکە بە ساڵانە ئامادەکاری دۆخێکی بەم شێوازە دەکات کە هەرێمی خواکورک رووبەرووێ کردارێکی لەشکەری بەرفراوان بێتەوە، هەر بۆیە من لەو بروایەدام کە تدبیری لەشکەری گیراوە، ئەگەر تەدبیری لەشکەری نەگیرابا ئەم ئۆپەراسیۆنە دەمێک بوو سەرکەوتنی بە دەست هێنابوو، چونکە لە قوناغێکی دوور و درێژدا ئامادەکاری بۆ ئەو ئوپراسیۆنە دەکرێ ".