Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا : شوان حەمە


شوان حەمە
شوان حەمە

ئەگەرچی تەمەنی نزیکەی پازدە ساڵە بەڵام تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک توانیویەتی ببێتە جیهانێک و ژمارەی دانیشتوانەکەی بگەیەنێتە زیاتر لە یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن کەس.

تۆڕەکانی سۆشیال میدیا لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو کۆمەڵگەکاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە زۆر ڕەهەندەوە.

ئەگەر وەبیر خۆمانی بێنینەوە، سەروەختی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەب تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانییان هاوکارێکی گەورەی خەڵک بن بۆ بەدەست هێنانی زانیارییەکان و ڕێوشوێنەکان و پلانەکان.

لە کۆمەڵگەی کوردیشدا ئەم تۆڕانەی سۆشیال میدیا بەکاردەهێنرێن، کە دەکرێت بگوترێت بوونەتە بەستەرێکی تۆکمەی پێکەوە گرێدانی هەموو جۆرە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە. فەیس بووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تریش وەک چۆن بەرەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایین، ئاوەهاش و زیاتریش دەتوانن ببنە مایەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ئەگەر بێتوو بۆ مەبەستە باشەکان بەکاربهێنرێن نەک بۆ مەبەستە خراپەکان.

خراپ بەکارهێنان یەکێکە لە کێشەکانی ئەم تۆڕانە ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا. خراپ بەکارهێنان زۆر شت دەگرێتەوە، لەوانە، ئەگەر کەسێک لە بری ئەژمارێکی فەیس بووک چەند ئەژمارێکی هەبێت و هەر یەکەشیان بە ناوێکەوە و بە وێنەیەکەوە بێت و بۆ مەبەستە تایبەتە نەخوازراوە قێزەونەکان بەکاری بهێنێت، یان کەسێک دێت و لاپەڕەیەک لە فەیس بووک بەناوی کەسێکی ناسراوەوە دەکاتەوە و هەر لەو لاپەڕەیەدا ئەو کەسە دەکەوێتە بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێکی هەڵبەستراو و دروستکراو بە ناوی کەسایەتییەکەوە و تەنها مەبەستێکیش لێی زیان دانە لەو کەسایەتییە، ئیدی گرنگ نییە ئایا کەسایەتییەکی سیاسیی یان هونەریی یان کۆمەڵایەتی و هتد بێت.

ڕێگە زۆرن بۆ بەکارهێنانی خراپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ بۆچی دەبێت ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە خراپ بەکاربهێنرێن؟

ئەمانە بێ لەوەی لە زۆر باریشدا زۆر بەکارهێنانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەشێت ببێتە هۆکارێک بۆ کاریگەریی خراپ و لادانی سەرنجەکان لە کاری ڕۆژانە.

زۆر جار بەکارهێنەرانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا ڕێک وەهایان لێدێت کە بڵێیت خوویان پێوە گرتووە و بەتایبەتیش لای نەوجەوانان و بەپێی زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراون بەهۆی ئەو خووگرتنەوە بە تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە خەڵک لە خوێندن و خوێندنەوەش دوا دەخات، ئەمە بێ لەوەی لەوانەیە کاریگەریی دەروونیشی هەبێت بۆ سەر بەکارهێنەر.

خاڵێکی تری گرنگی باس بکرێت تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵە ناڕاست و چەواشەکارەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمەیان وەنەبێت هەر تەنها لایەنە سیاسییەکە بێت، زۆرجاریش وەک "شوان حەمە" میوانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەمان بۆی باسکردم ئەژمار و لاپەڕەی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا هەن کە تەنانەت هەواڵی هەڵەی تەندروستیش بڵاودەکەنەوە.

ئایا نەبوونی سانسۆر بۆتە هۆکارێک بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا؟
ئایا کێ بەرپرسیارە لە خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا؟
ئایا ڕای گشتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە؟ چەواشەکردن بۆ نمونە؟
شوان حەمە، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:30 0:00

XS
SM
MD
LG