دیارە هەر میللەتێک یان هەر نەتەوەیەک خاوەن ناسنامەی خۆیە کە لە رێگای مێژووەکەی، زمان، کەلەپوور و فەرهەنگ، جل و بەرگ، موزیک و هەڵپەرکەکانیەوە پێناسە دەکرێت. کورد سەرەای هەموو ئەو بارودۆخە ناڵەبار و سەختەی کە پێدا تێپەری کردووە وە ئەو هەموو هەوڵدانانە بۆ تواندنەوەی زمان و فەرهەنگەکەی تا رادەیەکی زۆر خۆێ پاراستووە وە بە ئاسانی لە نیۆ میللەتانی رۆژهەڵاتی نیوەراستدا دەستنیشان دەکرێ، بەڵام هەندێ شتی نامۆ و بێگانە درزی کردووەتە ناو فەرهەنگ و کەڵتوورەکەیەوە ، یەکێک لەو شتانە جامانە یان جەمەدانیە. ئایا جامەنە شتێکی کوردیە یان هاوردەیە و دزی کردووەتە نیۆ فەرهەنگ و جل و بەرگی کوردی؟
قەیس قەرەداغی نووسەر، رۆناکبیر و لێکۆڵەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " لە راستیدا ئەمەی کە باسی دەکەین لە عەرەبیدا پێی دەڵێن ( تداخل الحضارات) کە کارێکی ئاساییە شتی کوردی بچێتە ناو میلللەتانی تر وەکو ووشە وەکو کەلەپوور وەکو هەر شتێکی دیکە و شتی میللەتانی تریش بێتە ناو میللەتەکەمان، جامانی لە زۆر میللەتاندا دەبینرێ بەڵام جێگرەوەی جامانی مشکیە کە رەسەنترە، کارێکی کوردانەیە و جاران لە کوردستان درووست دەکرا کە پێیان دەووت مشکی ئاورێشم ( هاورێشم) هەر بەو شێوە کڵاشی کوردی ( هەورامی) و شاڵ و شڕواڵی کوردی "
کاک قەیس هەر وەها دەڵێت " گومانی تێدا نییە ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر ژێر دەستەی دەوڵەتی عوسمانی بووین، کە دەڕوا بۆ پێنج سەدە ئێمە تێکەڵاوی ئەو شارستانیە بوین، ئەگەر بکرێ بووترێ شارستانیەت، گومانی تێدا نییە ئەمە دزەی کردووەتە ناو کوردستان وە لە ماوەی ئەم پێنسەد ساڵە کە کوردیش بە کاریان هێناوە وە بە تاێبەتی لە باشوری کوردستان، بوەتە بەشێک لە کەلەپووری کوردیش هەرچەند لە ریچەڵەکدا هەی میللەتانی تریش بێت، هەمان شت ووشەش،زۆر ووشە هەیە کە کورد بە کاری ئەهێنی کە بوەتە بەشێک لە قاموس ( فەرهەنگی) کورد.
کاک قەیس دەشڵێت " لەم ماوەیەدا کە خەریکی کۆکردنەوەی وێنە کۆنەکانی کوردم، ئەرشیفێک کۆ ئەکەمەوە بۆ ئەو وێنانەی کە تەمەنیان فەرەتر لە سەد ساڵ کۆنترە، دەبینم شەڕواڵ لە ناو میللەتانی تریش بوونی هەیە، تەنانەت لە باکوری ئەفریکا، لە جەزائر لە لیبیا لە تونس، لەوێش لە وێنە کۆنەکاندا شەڕواڵیان لە پێیە، تورکەکان، سوریەکان، لە ئیستامبوڵ خەڵک دەبینم لە سەدەی 19 و لەسەدەی 20 یش لە سەرەتاکاندا هەموویان شەڕواڵیان لە پێیە، بەڵام جلی رەسەنی کوردی " کەوا و سەڵتەیە ".