ئەگەرچی هەندێک لە پسپۆڕانی شانۆی کوردی مێژووی ئەم ژانرە هونەرییە دەبەنەوە بۆ سەدەی ڕابردوو بەڵام کەمیش نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان مێژووی شانۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر لەوە کۆنترە کە باس دەکرێت.
ئەوانەی داکۆکی لەو دید و بۆچوونە دەکەن، هەمیشە قسەیان لەسەر ئەوەیە کە دەشێت شانۆ لەوکاتەوە دەستیپێکردبێت کە کەسێک یان حیکایەتخوانێک لەناو خێزانەکەیدا یان لە شوێنێکی گشتیدا کەوتبێتە باسکردنی بابەتێک لەگەڵ جوڵەی جەستەدا بە خەڵکی راگەیاندبێت، ئەوا دەکرێت هەم وەک دیمەنێکی شانۆیی و هەمیش وەک سەرەتایەک بۆ شانۆ دابنرێت.
ئەمە بێ لەوەی دەشگوترێت ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سروشتیشدا هۆکارێک بووە بۆ ڕۆڵ گێڕان و نواندن، هەروەها لەوبڕوایەشدان کە تەنانەت دەشێت بەڕێوەبردنی مەڕاسیمە ئاینییەکان لە پەرستگا دێرینەکانیشدا وەک دیاردەیەکی هونەری شانۆ لێی بڕوانرێت، بەڵام ئیتر هێشتا ئەوە دیاری نەکراوە کە ئەو سەروەختانە لە کەیەوە دەستپێدەکەن.
هەمیشە پرسیار هەن سەبارەت بەوەی شانۆی کوردی جا مێژووەکەی هەرچەندێک بێت ئایا توانیویەتی ببێتە خاوەنی مەرج و پرەنسیپە گرنگەکانی بوونی شانۆ و ئایا شانۆی کوردی توانیویەتی قۆناغەکانی خۆی بە شێوەیەکی بابەتیانە ببڕێت؟!
بیگومان وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەش هێشتا مشتومڕێکی زۆری لەسەر هەن و لەوانەشە دیدی نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر جیاوازی گەورە لە نێوانیاندا هەبن.
دەیان هونەرمەندی شانۆیی ئێستا لە هەندەرانن و لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دەشگەڕێن بەشوێن وەڵامی پرسیارەکانی تایبەتن بە هونەری شانۆ. ئا لەم هەوڵەشیاندا ئەزموونی خۆیان بە ئەزموونی شانۆیی ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین متوربە دەکەن و زۆر جاریش بینراوە کە ئەو هونەرمەندانە ئەزموونە نوێیەکانی خۆیان دەگوێزنەوە بۆ زێدی خۆیان بە مەبەستی دروستکردنی پردێکی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی لە نێوان نەتەوەکان لە نێوان شارستانیەتیەکانیشدا، بەڵام هێشتا نازانرێت تا چەندێک سود لەو ئەزموونانە وەرگیراون.
سەرکەوت تارۆ، هونەرمەندی شانۆ زیاتر لە بیست ساڵە لە ئەمریکا دەژی، لێرەش دەستی لە بەهرە و ڕوانینە هونەرییەکانی خۆی بەرنەداوە.
ژیان لە ئەمریکا ئاسان نییە، وەلێ سەرکەوت لەگەڵ هەموو قورسی ژیانی ئەم وڵاتەدا، ناوبەناو ئێمەی بینەری خۆی بەسەر دەکاتەوە و نومایشتێکی شانۆییمان پێشکەش دەکات، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردیش.
دەتوانم بڵێم زۆربەی کارە شانۆییەکانی سەرکەوت مۆنۆدرامان و لە نوسین و دەرهێنانی خۆیشین، هەروەها بەشداریشی هەیە لە بەرهەمە هونەرییە ئەمریکاییەکاندا، وەک دەڵێت "پێشتر کە بە نواندن بەشداریم لە بەرھەمی شانۆیی و درامای پەروەردەیی و فلیمی ئەمریکی دەکرد، بابەتەکان جیاواز بوون لەگەڵ ئەو دۆزەی ئێمەی کورد بۆیە پەنام بردە بەر مۆنۆدراما بۆ ئەوەی گوزارشت لە دۆزی میللەتەکەمان بکەم."
دواترین بەرهەمی سەرکەوت کە هەر وەک مۆنۆدراما پێشکەشی کرد لە شاری ناشڤیل لە ستانی تەنەسی لە ڕۆژانی 28 و 29 ی ئەم مانگی شەشەدا، شانۆیی ملیۆنەها هەناسە بوو.
ئەم هونەرمەندەمان لەسەر ئەم بەرهەمەی نوسیویە؛.
"لهم بهرههمهدا باس له پرهنسیپهكانی نامۆ بوونی تاكی كورد دهكهم، له كاتێكدا له ناوهوهی وڵات گیرخواردهی كۆمهڵێ كۆتی نهخوازراوه كه به بێ ویستی خۆی ناچاره بیانڕازێنێتهوه، ئهو دهمهی له شهقهی باڵیش دهدات بهرهو ئاسۆیهكی فره ئازادی نێو خهیاڵه تهنراوهكانی، كهچی له دوو جهمسهرهوه جارێكی كه تووشی نامۆبوونی جهستهی و هزری گێژاوی ئهو ژیانه دهبێتهوه كه چارهنووسهكانیان بۆ نووسیوهتهوه، لێره مهبهستم ئهو چارهنووسه ئاسمانیه نیه كه ئایندارهكان جێ باوهڕیانه بهڵكوو ئهوهی گڵۆباڵیزمه بۆیان هۆنیوهتهوه، تاكی كورد له ناوهوه و له دهرهوه كۆتكراوه، ههرچهنده زۆرێك خۆی له دهرهوه به ئازاد و خۆشحاڵ دهبینێتهوه بهڵام ههر پابهنده به ناسنامهی نهتهوهیهك كه سهرجهم لهو بۆتهیهدا دهژین، تۆ تهماشاكه باڵاترین دهسهڵاتداری كورد تا سادهترین تاك له نێو قهیرانێكی نهخوازراوی نامۆیی نێو بۆتهقهی گلۆباڵیزمهدا گێنگڵ دهدهین، ناتوانین و خاوهنی بڕیاری پلانێكی تۆكمهی سبهی خۆمان بین."
ئایا شانۆی کوردی توانیویەتی سەرنجی بینەری بیانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت؟
ئایا هونەرمەندانی شانۆیی دەتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژەیەکی هونەریی لە هەندەران؟
ئایا (سەرکەوت تارۆ) لە ڕێی شانۆوە دەخوازێت چی بە بینەرانی ئەمریکایی بڵێت؟
سەرکەوت تارۆ، هونەرمەندی شانۆ لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: