پاش نۆ مانگ زیاتر لە هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پەرلەمانی هەرێم توانی کابینەی نوێی هەرێم پەسەند بکات.
ڕۆژی چوارشەممە 88 ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم 111 ئەندام متمانەیان دا بە مەسرور بارزانی، سەرەک وەزیری نوێ و هەروەهاش 21 وەزیری کابینەکەی، کە نۆ وەزیریان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن.
مەسرور بارزانی تەمەن پەنجا ساڵ لە ساڵی 1998دا بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتریش ئەو کاتەی مەسعود بارزانی باوکی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو، دەستنیشانکرا بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
دوابەدوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، مەسرور بارزانی ئامۆزای ڕاسپارد تا کابینەی نوێ پێکبهێنێت.
لە وتارەکەیدا لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمدا مەسرور بارزانی باسی لە کارنامەی کابینەکەی کرد و وتی بەرنامە و پلانەکانی ئەم کابینەیە لەسەر چەند بنچینەیەک دانراون، لەوانە ڕێککەوتنە سیاسییەکان و ڕوانینی بەشداربووانی کابینەی نۆ، هەر بۆیەشە وەک بارزانی دەڵێت " جێبەجێ کردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەکی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو ئەم کابینەیە دەبێت."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەچەند خاڵێکی بەرنامەی کاری کابینەکەی کرد، وەک کارکردن بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتیدا، خێراکردنی ڕاپەڕاندنی ئیش وکاری هاوڵاتیان، ڕێگەنەدان بە بەرپرسانی باڵای حکومەت تا پۆستەکانیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربێنن، کارکردن بۆ چەسپاندنی ڕوونی و ئاشکرایی (شەفافیەت) لە هەموو بوارە داراییەکانی هەرێمدا بەتایبەتیش داهاتی نەوت و داهاتەکانی تری ناوخۆی هەرێمدا، هەروەهاش ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەکان.
میوانەکانی بەرنامە:
دکتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕی یاسایی
مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، فراکسیۆنی نەوەی نوێ
مەسرور بارزانی، سەرەک وەزیری کابینەی نۆ دەڵێت "بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم، ئەمەش لە ڕێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی.
لە وتارەکەی بەردەم پەرلەمانیدا مەسرور بارزانی دەڵێت "بەپێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە، گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبوەتە کەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین، ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت."
سەرەک وەزیری نوێی هەرێم ژمارەیەک پەیمانیشی تری داوە لەماوەی تەمەنی کابینەکەیدا دەیانکات وەک سندوقی خانەنشینی و ڕێکخستنی باج و ڕێگەگرتن لە قۆرخکاری و پشتیوانی لە پرۆسەی چاودێریکردنی پەرلەمان و ڕێزگرتن لە ئۆپزسیۆن و کاراکردنی سندوقی خانەنشینان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، کارکردن بۆ سەروەرکردنی یاسا.
سەرەک وەزیری کابینەی نۆ لە کارنامەی کابینەکەیدا هیچ پەیمانێکی نەدا بە دانەوەی پارەی فەرمانبەرانی هەرێم کە لە کابینەی هەشتدا بە ناوی پاشەکەوتی موچەوە لێیان گلدرابووەوە، تەنها ئەوەندەی وت کە "حکومەتێکمان وەرگرتوە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی ڕەوشی نالەباری داراییی دۆخێکی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەمو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن، کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک، کە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێکدا کابینەکەمان ڕوبەڕوی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین."
کاتێکیش باسی لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، مەسرور بارزانی هیچ پەیمانێکی کۆنکریتی نەدا و لە چوارچێوەی هەوڵداندا هێشتیەوە، وەک لە کارنامەکەیدا باسی کرد "پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە."
پێکهێنانی کابینەی نۆ لە نێوەندی بەردەوامیی قەیران و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێردایە و لە سەرو هەمووشیانەوە کێشەی ڕادەستکردنی بڕی دیاریکراوی نەوتە بە بەغدا، ئەمە بێ لەوەی لەناو هەرێم خۆیشدا گرفتی دارایی و تەنانەت سیاسیش هەن کە هێشتا یەکلانەکراونەتەوە.
گرفتی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە لایەک و گرفتی ناوخۆیی لایەنەکان خۆشیان لە لایەکی تر، کە دەشێت لە ئایندەدا ببنە سەرەداوی ئاڵۆزی لەناو بەشداربووانی ئەم کابینەیەدا. بەڵام ئایا ئەگەری ئەو ئاڵۆزیانە دەگاتە ئەوەی دەرگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لەسەر کڵۆم بدرێت و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی کابینەی نوێ لە پۆستەکانیان دەربکرێن؟! وەڵامی ئەم پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و دۆسێی یەکتر قەبوڵکردن دەبێتە یەکێک لە فاکتەرەکانی وەڵامی ئەرێنی یان نەرێنی ئەو پرسیارە.
سنورەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو نین، تورکیا بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەردەوام و بە تایبەتیش لەم ماوەیەی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی و تۆپبارانەکانی بۆسەر هەرێم خەست کردۆتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بێ لەوەی دەستی هەیە لەناو کاروبارەکانی هەرێمدا بۆ ئاڕاستەکردنی هاوکێشە سیاسییەکان، بەردەوامیش ناوخاکی هەرێم دەداتە بەر موشەک و تۆپبارانیشی دەکات.
تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستانی کردۆتە بیانووی لەشکرکێشییەکانی، هەرچی ئێرانیشە ئۆپزسیۆنەکانی کورد وەک هۆکارێک باس دەکات بۆ لەشکرکێشی و بۆردومانەکانیان.
ئایا چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان کابینەی هەشت و نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟
ئایا کابینەی نۆ دەتوانێت بەرەنگاری گەندەڵییە سیاسی و داراییەکان ببێتەوە لە هەرێمی کوردستاندا؟
ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێت مافی ڕۆژنامەوانان بپارێزێت و ئازادی ڕۆژنامەوانی دابین بکات؟
دکتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕی یاسایی و مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە: