کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا بەردەوامن لە هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانەکانیان بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق و هەتا ئێستاش کاردانەوەیەکی وەها لە هەردوو حکومەتی نێوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە نەبووە کە ببێتە مایەی سەرنج.
سیاسەتمەدارانی عێراقی لەوبڕوایەدان حکومەتی نێوەندی وڵاتەکەیان گرفتی زۆری هەن، هەر بۆیە ناتوانێت کاردانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی هەبێت لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە سەروەرییەکانی عێراق دەکرێن.
عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دێرینی عێراق دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حکومەتی نێوەندی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوەتی ناوچەکانی وڵاتەکە بکات لە ڕووی ئاسایشی و هەروەها لەشکریشەوە.
شابەندەر دەڵێت ئەگەر حکومەتی نێوەندی ئەو کۆنترۆڵکردنەی نەبێت ئەوا ناتوانێت بڵێت "هیچ بیانویەک نییە بۆ هێرشی ئاسمانی و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران."
حامد موتڵەگ، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەداری عەرەبی سوننە وەک باسی دەکات عێراق ناتوانێت پشت بەو هێز و دەسەڵاتەی هەیەتی ببەستێت تا بتوانێت سەروەریی وڵاتەکە بپارێزێت.
موتڵەگ دەڵێت حکومەتی عێراق کێشەی ناوخۆیی هەن، هەر لایەنە پشتیوانی لە وڵاتێک دەکات و ئەمەش وەهای کردووە هەردوو حکومەت (بەغدا و هەولێر) نەتوانن هاوڕایی و تێکڕاییەکی نیشتمانیانە لەسەر دۆسێی سەروەریی وڵاتەکە بێننە ئاراوە تا بڕیارێکی سەربەخۆیانە بدرێت لە بەرژەوەندی سەروەریی عێراق.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ عیزەت شابەندەر و حامد موتڵەگ، بەڵێن ساڵح راپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: