کاتێک باس دێتە سەر کۆمیدیا یەکێک لە پرسیارە هەرە سەرەکییەکان ئەوەیە ئایا کۆمیدیا هەر تەنها بۆ خستنە پێکەنینی خەڵکە یان ئەوەیە بمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارانەی کە مەرجە بە شوێن وەڵامەکانیدا بگەڕێین.
پرسیارەکان سەبارەت بە ژیان و بوون و پەیوەندییەکانی تۆ و دەوروبەرتن، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەن کە ئێمە درکمان پێنەکردوون و لەڕێی کۆمیدیاوە دەوروژێنرێن تا پێبکەنین و تا قاڵ ببینەوە لە گەڕانەکانماندا بەشوێن ئەو وەڵامانەی کە دەشێت بەشدارییەکی گەورە بکات نەک هەر لە ژیانماندا بەڵکو لە بیرکردنەوەشماندا.
وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کۆمیدیای ڕاستەقینە دەیخاتە بەردەممان، ڕاستییەکانمان پێدەدۆزنەوە، ئەو ڕاستیانەی ڕاستگۆیانە پێمان دەڵێن چۆن لە بازنە نەفرەتییەکانی تراژیدیادا دەژیین.
لە بەرامبەر ئەم کۆمیدیا ڕاستەقینەیەدا کۆمیدیایەکی تر قوت بۆتەوە و دەشێت ناوی لێبنرێت ئەو جۆرە کۆمیدیا گاڵتەقینەیەی هەرگیز ناتوانێت لە خانەی گاڵتەبازاڕییەکی هەرزاندا بێتە دەرێ.
لەبیرمان نەچێت، زۆر جار کۆمیدیای ڕاستەقینە دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕەخساندنی زەمینەی تێگەیشتن لە دیاردە و لە ڕووداوەکانیش و وەهاش دەکات تینێکی گەورەت پێببەخشێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکان کە بە یەکێک لە ئەرکە هەرە قورس و سەرەکییەکانی کۆمیدیا دادەنرێت.
زۆر دەمێکە دەگوترێت ئەوەی لە کۆمیدیا تێبگات پێویستە بگری نەک پێبکەنێت، پێویستە بیر بکاتەوە نەک هەموو شتێک فەرامۆش بکات، پێویستە ڕق لە ژیان دابتەکێنێت تا جوانییەکان بدرەوشێنەوە، پێویستە هەمیشە لە پرسیار کردنی نوێدا بێت تا بەهایەک بۆ وەڵامە نوێکان بهێنێتە ئاراوە، پێویستە شوێنگۆڕکێ لە بارە باوەکان و نوێخوازیدا بکات، هتد.
جا لێرەوە یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە ئایا لە هونەری کوردیدا ئەو کۆمیدیا ڕاستەقینەیەمان هەیە؟!
لەوبڕوایەدام وەڵامی ئەو پرسیارە هەروا سانا نەبێت، بەتایبەتی کاتێک کەسێک دەبینیت لەسەر شانۆ یان تەلەفزیۆن یانیش گوێبیستی دەبیت لە ڕادیۆکاندا و ئەوەی پێمانی دەڵێت لە ئاستێکی هێندە نزمدایە کە گوناهە هیچ ناوێکیشی لێبنێیت، بەڵام دەبینیت بۆتە خاوەنی هەوادارێکی بێشومار لە کاتێکدا هونەرمەندێکی کۆمیدیای ڕاستەقینە هێندەی ئەوەی توشی تانە و تەشەر دەبێت هێندە ستایشی کارە ڕژدە هونەرییەکەی ناکرێت.
ڕەشاد حوسێن، هونەرمەندی کۆمیدیایی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی دەخوازێت لە ڕێی بوکەڵەکەیەوە کە ناوی لێناوە کوردە، بەردەوام پەیامی جۆراوجۆری تەنز ئامێزمان بۆ بنێرێت. مەرج نییە پەیامەکانی هەر تەنها سیاسی بن یان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی کورد بکرێن، بەڵکو دەگەڕێت و ئەوەی بە پێویستی بزانێت قسەی لەسەر بکرێت لەگەڵ کوردەدا تاووتوێی دەکەن و پێکەوە بڕیار دەدەن بە شێوەیەکی هونەریانە، تێکەڵ بە ئاواز و دیالۆگ بیخەنە بەر دیدی هەموومان و ئێمەش لای خۆمانەوە لە یەک ساتدا بکەوینە پێکەنین و دەستیش بکەین بە گریان.
یەکێک لە شتە سەرنج ڕاکێشەکانی ڕەشاد و کوردە ئەوەیە ناوبەناو یان با بڵێم هەر چەند ساڵێک جارێک کارە هونەرییەکانیان ڕادەگرن، بۆچی؟
ڕەشاد و کوردە دەیانەوێت پێداچوونەوە بکەن بە کارەکانیاندا چونکە ناخوازن وەک بازرگانێکی هونەریی ڕەفتار و سەر و سەودا لەگەڵ هونەردا بکەن، بەڵکو دەخوازن کارەکانیان لە چۆنایەتییەکی بەرزدا بن و هەر لەو ئاستەشدا بمێننەوە.
گەر بە هەڵەدا نەچووبم لە ساڵی 2014 دا بوو ڕەشاد و کوردە پەیامێکیان بڵاو کردەوە و نوسیبویان " بەهۆی لێکدانەوە و بیرکردنەوەیەکی دوور و قوڵ لەهەنگاوەکانی ئایندەو بەرهەمی نوێمان بەپێویستمان زانی هیچ کارێکی هونەریانە ئەنجام نەدەین گەرهات و لەئاستی بەرزی جۆری کوالێتی و زیاتر پڕۆفیشناڵکردن ، لەسەر بناغەیەکی زانستیانەی بەرهەمەکانی ئەم هونەرە ناوازەیەدا نەبین . بەڕێزان لەماوەی ڕابردودا بەشایەتی زومی چاوی کامیراکان ئەوەی پێمانکرا بگرە زیاتریش هەوڵمانداوە کەمتەرخەم نەبین لەگەیاندنی پەیامی ئەم هونەرە تایبەتمەندیەماندا."
ئەوە یەکەمین جارە لە هونەری کوردیدا هەر هیچ نەبێت لە باشوری کوردستان (ئاگادار نیم لە بەشەکانی تری کوردستاندا ئەم جۆرە هونەرە هەبێت) هونەرمەندێک بوکەڵەیەک بەکاربێنێت بۆ گەیاندنی پەیامە هونەرییەکانی لە ڕێی کۆمیدیاوە.
ئایا کۆمیدیا لە هونەری کوردیدا توانیویەتی جێی خۆی بگرێت؟
ئایا دەشێت هونەرمەند بە زمانێکی کۆمیدیایی باس لە تراژیدیاکان بکات؟
بۆچی هونەرمەند ڕەشاد دەخوازێت لە زاری (کوردە)وە لەگەڵ ئێمەدا بکەوێتە ئاخاوتن؟
هونەرمەند ڕەشاد و کوردە، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: