کێشەی ئیزیدیەکان لە زۆر روەوە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، هەرچەند خۆشبەختانە و لە کۆتاییدا ئەمرۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ژینوساێد ناسرا.
ئاخۆ لە کەیسێکی وەهادا بۆ دەبێ ئەوەندە بخایەنی تا دان بە تاوانێکی لەو جۆرەدا بنرێت؟
ئێستاکە کە کەیسەکە بە ژینوساێد ناسرا، چ جیاوازیەکی بۆ ئیزیدیەکان دەکات وە لەمەودووا چ حکومەتی هەرێم وە یاخود بەغدا چۆن دەیەوێ قەرەبویان بکاتەوە؟
هۆێ چییە ئیزیدیەکان لەسەر خاکی خۆیان و لە وڵاتی خۆیان لە ئوردوگاکاندا ئاوارە و دەربەدەر بن؟
هۆێ نەگەڕانەوەی ئیزیدیەکان بۆ شەنگاڵ و شوێنەکانی تریان چییە؟
ئایا پرسی ئیزیدیەکان بوەتە کارتێک بە دەست لایەنەکانی گۆڕەپانەکە و هەر کام بە پێی بەرژەوەندی خۆێ یاری پێی دەکات؟
عەلی مەحمود چالاک لە بواری ژینوساێد و ئەنفال لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " دووای پێنج ساڵ و دووای ئەوەی فەرەتر لە 10 لایەنی نێۆنەتەوەیی گرنگ دانی بە ژینوساێدی ئیزیدیەکانی نا، کە دەبوایە پێکهاتەکانی تریش وەکو کریستیان و شەبەک و کاکەییشی لەگەڵ بوایە، وە ئەمرۆ کە پەرلەمانی کوردستان قوربانیەکانیشی بە شەهید ناسران کە دەبوایە پێکهاتەکانی تریش و هەر وەهاکوردی پارچەکانی تر کە شان بە شانی هێزی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان داعشی وەدەر نا و شکەستی پێیهێنا دەبوایە ئەوانیشی بە شەهید بناساندایە وە هەموو ئەو پرۆسانەی ئیمتیازات و دانپێنانەی کە بۆ شەهیدانی ئیزیدی نرا بۆ پێکهاتەکان و کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستانیش بگرێتەوە ".
کاک عەلی هەر وەها دەڵێت " خۆشبەختانە لە کاتێکدا سێ ئاب وەکو رۆژێکی نەتەوەیی هاتوەتە پێشەوە لەسەر ئاستی کوردستان و ساڵانە لە هەموو شار و شارۆچکەکاکنی کوردستان یاد دەکرێتەوە، ئەمرۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دووا جار ئەو هەنگاوەی نا، درەنگیشە، کەم و کورتیشی تێدایە بەڵام هەنگاوێکی باشە و پشتێوانی لێدەکرێ "
کاک عەلی دەشڵێت " هۆکاری مانەوەی ئیزیدیەکان بە ئاوارەیی و دەربەدەری لە ئوردوگاکان خەم ساردیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیەوە، دەبوایە هەنگاوی زیاتر بنرایا، بەداخەوە هەموو ئەو هۆکارانەی بوونە هۆێ ژینوسایدی ئیزیدیەکان هێشتا ماوون، بێگومان کەیسی ئیزیدیەکان و کەیسی دانانانی میری ئیزیدیەکانیش بوەتە کەیسێکی سیاسی وە بە کەیفی خۆیان لایەنەکان سەوداێ پییەوە ئەکەن وە لە روێ سیاسیەوە بە کاری دێنن".