دوای ئەوەی دوو ساڵ بەر لە ئێستا نەخۆشێکی نەخۆشخانەی دەروونی ھەولێر، نەخۆشێکی دیکەی کوشت و ڕووداوەکە بۆ پۆلیس ڕەوانە کرا، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە ھۆکاری ئەم جۆرە ڕووداوانە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە نەخۆشخانەی دەروونی ھەولێر نەخۆشخانەیەکی بچووک و بێ خزمەتگوزارییە و ناکرێت نەخۆشخانەیەک کە 30 قەرەوێلەی تێدایە، 42 نەخۆش لە ناویدا بژین و چارەسەر بکرێن.
لە بارەی ئەمەوە د.محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەو ڕووداوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، ڕووداوێکی نەویستراو بوو، وە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پڕۆژە یاسایەک ھەبوو تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی دەروونی 200 قەرەوێلەیی و لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشخانەکە 100 قەرەوێلەی دیکەی بۆ بەشی منداڵان تێدابوو، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پڕۆژەکە وەستا و لە ئێستادا پلانی وەزارەتی تەندروستی ئەوەیە بە ھاوبەشی لەگەڵ خێرخوازێک نەخۆشخانەیەکی دەروونی دروستدەکرێت و زەوییەکەش لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە دابین دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، لە بارەی ئەوەش کە تاوەکو ئێستا لە ھەرێمی کوردستان دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشانی دەروونی بەردەست نییە دەڵێت: لەجیھاندا نەبوونی دەرمانی دەروونی کێشەیەکی گەورەیە، ئەو کۆمەڵە دەرمانە نایاساییانەی لە بازاڕدا بوونیان ھەبوو، دەکرا ھەندێک جار کاریگەری خراپ دروستبکات و بە مەبەستی ئالوودەبوون بە کاربێت وە جگە لەمەش دەرمانەکان بە فلتەری کوالێتی کۆنترۆڵدا تێنەدەپەڕی، بۆیە ئێمە بە ھاوبەشی لەگەڵ برادەرانی کوالێتی کۆنترۆڵ دەستمانکرد بە پاککردنەوەی بازاڕ لەم دەرمانانە.
ڕوونیشیدەکاتەوە کە ئەوان وەک وەزارەتی تەندروستی بایەخیان بە پەیداکردنی دەرمانە سەرەکییەکانی دەروونی داوە و لەگەڵ ئەوەشدا کە کەموکورتی ھەن، بەڵام یەکێک لە پڕۆژەکانیان لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا چارەسەرکردنی کێشەی دەرمانە.
تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.