بەبۆنەی نزیک بوونەوەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی کە لە ڕۆژی یەکی مانگی نۆ یاد دەکرێتەوە، ڕۆژی شەممە لە قامشلۆ ڕێکخراوەکانی ئەنجومەنی دیوانی دادوەری هەرێمی جەزیرەو یەکێتی پارێزەران لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆپیشاندانێکیان سازدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر هەڕەشەو پێشێلکارییەکانی حکومەتی تورکیا بۆ هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەو چالاکییە لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی دیوانی دادوەری کۆمەڵایەتی شاری قامشلۆ ئەنجام درا.
دەیان پارێزەر و ئەندامی نوسینگەو ڕێکخراوەکانی دیوانی دادوەری بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد. ڕاگەیاندنی هەردوو ڕێکخرا خوێندرایەوە. ئەنجومەنی دیوانی دادوەری لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا سیاسەتەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغانی دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و گوتی هێرشەکانی دژ بەو هەرێمانە دژ بە هەمو خەڵکی هەرێمەکانە.
یەكێتی پارێزەرانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیاندنەکەیدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد کە بەر ئەرکی خۆیان هەستن و سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێن.
دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان زانا عومەر لە قامشلۆ