یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ئەو رێکخراوەی کە نوێنەرایەتی سێ بۆچوونی جیاوازی دەکرد و لە یەکی مانکی شەشی ساڵی 1975 شوڕشی هەڵگیرساند و لە پێناوێدا هەزاران نەک هەر گیانیان بەختکرد بەڵکو ماڵ سەر و ژیانیشیان لەسەر دانا، ئەمرۆ باس لەوە دەکرێت کە لە تەنگەژە و قەیرانیدایە؟ ئایا لە راستیدا یەکێتیی لە تەنگەژەدایە
هۆێ ئەو تەنگەژەیە، بۆچوونەکانی ئەو سێ جیاوازەیە یان کەسایەتیەکانی؟
ئەو تەنگەژە ناوخۆییە کە وەکو هەندی لایەن دەیبینن یەکێتیی گەیاندووەتە لێواری رووخان، ئاخۆ چۆن لەو رووخانە رزگار دەکرێ؟
ئایا کێشە و تەنگەژەکانی یەکێتیی بە کۆنگرەوە گێدراوە وە ئایا کۆنگرە کلیلی چارەسەریە بۆ ئەو کێشانە؟
راستە سەرکردەکانی ئەمرۆی یەکێتیی ماوەیان بەسەر چووە؟
ئایا شتێک هەیە بە ناوی پارتیەکانی ناو یەکێتیی؟
ئایا لە ناو یەکێتیی باڵ باڵین هەیە، کین ئەو کەسانەی باڵ باڵیینیانە، ئایا باڵ باڵینیانە لە پێناوی چاکسازی یان دەسەڵات؟
ئایا سیاسەت و بازرگانی پێکەوە تێکەڵاو دەکرێن؟ بەس سیاسەتمەداری بازرگان دەتوانی لە کار کردنیدا بەرامبەر بە میللەتەکەی راستگۆ بێت؟
فەرمانرەوایی بنەماڵە یان دەسەڵاتێکی راستەقینەی پەرلەمانی؟
چاو و راو هەیە کە باس لە کودەتایەک دەکرێت لە ناو یەکێتیی دا بۆ سەر بنەماڵەی تالەبانی، تا چەند ئەو چاو و راوانە درووستن؟
و چەندین پرسیاری تر.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تەنها حزبێک نییە روبەرووێ تەنگەژە ببێتەوە وە بە بۆچوونی من زۆربەی کەسایەتیەکان دەستیان هەیە لەم تەنگەژەدا وە ئەوەشە کە بوەتە هۆێ چارەسەر نەکردنی قەیرانەکان، جا مرۆڤەکان خۆیان قەیرانەکانیان درووستکردووە وە خوشیانن کە نایانەوی چارەسەری بۆ بدوزنەوە ".
شاناز خانم هەر وەها دەڵێت " راستە کۆنگرە شتێک نییە کە تۆ بتوانیت، چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە هەموو کێشەکانت بۆ چارەسەر بکات، بەڵام ئەتوانێت شەرعیەت بگەرێنێتەوە، ئەتوانی بریار بدات، ئەتوانێت بەرنامە دابنێت، کۆنگرە تەنها بۆ گۆڕینی دەم و چاوەکان نییە بەڵکو بۆ ئەو بۆشاییە کە درووست بوە لە هەرێم و لە ناو حزبەکەماندا، کە دەسەڵات نییە، کە بریار نییە وە بریارەکانیش گەر هەبن لە بەرژەوەندی گەلەکەماندا نییە وە لە سەر ئەو رێبازەدا نییە کە یەکێتیی لە سەری دامەزراوە".
شاناز خانم دەشڵێت " بەڵی لە ناو یەکێتیی باڵ باڵین هەیە و لە پێناوی چاکسازیدا نییە بەڵکو لە پێناوی دەسەڵاتە وە هۆکاری سەرەکی هەموو کێشەکانی ئەم هەرێمە ئەوەیە کە سیاسەت و بازرگانی تێکەڵ کراوە وە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانە کە کەس ئامادە نییە کورسیەکەی خۆێ بەجێ بهێڵی وە گۆڕانکاری و چاکسازی بکات ".
شاناز خانم دیسان دەڵێت " من هیچ بڕوام بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ڕادەستکردنی دەسەڵات وە یاخود دەست بەسەرا گرتنی دەسەڵاتدا نییە لە لایەن هیچ بنەماڵەیەکەوە وە ئەوە خەڵکی ئێمە کە ملکەچی ئەو جۆرە فەرمانرەواییە دەکات، ئەوانن کە پەرە بەم جۆرە بیرکردنەوە ئەدەن، هەرگیز و هەرگیز نە مام جەلال و نە یەکێتیی هەرگیز بەرەو ئەوە نەچووە و بەرنامەشی نەبوە پرسی بنەماڵەیی و عەشیرەت گەرایی بگەرێنێتەوە "