پارتی داد و گەشەپێدان فەرمانڕەوای تورکیا لەسەر ئاستی وڵاتەکە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی خۆیشی ڕووبەڕووی ژمارەیەک قەیرانی ئابوری و سیاسیش بۆتەوە.
هەرچەندە ئاکەپە هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردن بەڵام لایەنەکانی ئۆپزسیۆن و زۆرێکیش لە چاودێر لەوبڕوایەدان ئەو هەوڵانەی ئاکەپە و مەهەپەی هاوپەیمانی دەیدەن ناتوانن تورکیا لەو قەیرانانە دەرباز بکەن، دەشڵێن سیاسەتەکانی ئاکەپە پەیڕەوی کردوون وەهای کردووە ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی ئاکەپە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ڕابەری ئاکەپە و سەرۆکی تورکیا جیاببنەوە.
ئەم قەیرانە ناوخۆییانە نەبوونەتە مایەی ڕێگەگرتن لە ڕێبەرانی ئاکەپە تا دەستبەرداری سیاسەتەکانی پێشوویان ببن وەک لادانی کاربەدەستە هەڵبژێردراوەکانی کورد لە پۆستەکانیان.
سەرۆکی بەشی تورکیا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنکە لە واشنتۆن دەڵێت ئەو بڕیارەی دادگا داویەتی سەبارەت بە شارەوانە کوردەکان بڕیاری سیاسین نەک یاسایی، دەشڵێت بۆ تێگەیشتنیش لەوەی بۆچی ئەو بڕیارە دراوە ئەوا پێویستە سەیری ئەو هاوپەیمانێتیانە بکرێن کە ئەردۆگان لەناو تورکیادا پێکیهێناون.
دکتۆر گونول توڵ دەڵێت "نهێنی سەرکەوتنەکانی تا ئێستای ئەردۆگان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوپەیمانێتیەی لەگەڵ مەهەپەدا کردویەتی و هەر ئەمەشە وەهای کردووە لە ساڵی 2015 ەوە ئەردۆگان هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن بباتەوە،ئەمە بێ لەوەی ئەو هاوپەیمانێتیەی نێوان ئاکەپە و مەهەپە پێگەیەکی تۆکمەی بە ئەردۆگان داوە تا ڕێبازێکی زۆر توند بگرێتەبەر بۆ دژایەتیکردنی کورد لە تورکیادا."
دکتۆر گونول باسیش لەوە دەکات ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شارە گەورەکان و گرنگەکانی تورکیادا ئاماژەیەکن بەوەی تەنانەت دەنگدەرانی نەتەوە پەرستانی مەهەپەش نەیانتوانیوە ئەردۆگان بپارێزن لەو شکستانەی ڕووبەڕووی دەبوونەوە و دەڵێت "ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی هاوپەیمانێتیکردنی ئەردۆگان لەگەڵ نەتەوە پەرستانی مەهەپەدا لە مەودای درێژخایەندا زیانێکی زیاتری لێدەدات. هەر بۆیە پێویستە ئەردۆگان بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ کورددا، هەرچەندە ئەمەش بێ کێشە نابێت."
سەبارەت بە ئەگەری هاوپەیمانێتی نێوان کورد و جەهەپە، دکتۆر گونول دەڵێت "فاکتەری سەرەکی ئەوەیە ئایا پارتی کرێکارانی کوردستان چی دەکات لە ئایندەدا؟! چونکە جەهەپەش لایەنێکی نەتەوە پەرستە، ئەگەر پەکەکە بەردەوام بێت لە شەڕی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا و هێرشکردنە سەر شارەکان درێژەیان هەبێت و خەڵکی بێتاوان بکوژرێن ئەوا بۆ جەهەپە زۆر قورس دەبێت بتوانێت هاوپەیمانێتییەکی فەرمیانە لەگەڵ هەدەپەدا پێکبهێنێت و ڕایبگەیەنێت. هەر بۆیە بە پلەی یەکەم و سەرەکی کەوتۆتە سەر ستراتیژیەتی پەکەکە لە ئایندەدا."
سەبارەت بە پرسی هەروادێ و دەرکەوتنی زیاتری ئەم کێشە و ئاڵۆزیانەی ناو بواری سیاسی تورکیا، ئایا دەکرێت وەک سەرەتایەک بۆ کۆتاییهاتنی قۆناغی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لێی بڕوانرێت؟ دکتۆر گونول دەڵێت هیوای هەن چونکە دەبینێت کاتێک ئۆپزسیۆنەکانی وڵاتەکەی پێکەوە کاردەکەن دەتوانن زەمینەی خۆیان بڕەخسێنن بۆ سەرکەوتن لە ململانێکاندا و دەشڵێت "تەواوی هیواکانیش کەوتوونەتە سەر چۆنیەتی سەروسەودا کردنی ئۆپزسیۆنەکان لەگەڵ دۆسێکاندا لەم دوو یان سێ ساڵەی داهاتوودا، وەک دەڵێت "دەرفەتێکی زێڕینیان لەبەردەستدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەگەریش ئاوەها بکەن ئەوا بەبێ هیچ گومانێک ئۆپزسیۆنەکانی تورکیا دەبنە سەختی و تەگەرەیەکی گەورە بۆ سەرۆک ئەردۆگان لە ساڵی 2023 دا."
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر گونول توڵ، سەرۆکی بەشی تورکیا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: