لە پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر 165 کۆمپانیای 9 وڵات کەلوپەلەکانیان بۆ فرۆشتن نمایشکرد و زۆرترین کۆمپانیاش لە میسرەوە ھاتبوون کە ژمارەیان 65 کۆمپانیا بوو .ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی تر پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەسەر دوو بەش دابەشکراوە، یەکێکیان تایبەتە بە شتومەکە پترۆکیمیاوییەکان و ئەوەی دیکەش بە ناوی ھەولێر ستایلە کە تایبەتە بە جلوبەرگ و ئیکسسوارات .
ڤیان فازل لەگەڵ ئەوەی تەمەنی 52 ساڵە و پیشەی مامۆستایە بەڵام زۆری تەمەن رێگر نەبووە لە بەدیھێنانی خەونەکانی و بۆیە ئەمڕۆ لەم پێشانگەیە، کارە دەستییەکانی کە تایبەتن بە ژنان دەفرۆشێت. ئەو دەڵێ: لە زۆرترین پێشانگەدا بەشداریم کردووە و بەردەوامیش دەبم.
نیگار سەلام کچێکی شێوەکارە و بە مەبەستی کڕینی کەلوپەلی تایبەت بە وێنەکێشان ھاتووەتە ئەم پێشانگەیە، نیگار رەخنە لەم جۆرە پێشانگەیانە دەگرێت کە لەبەر کاری بازرگانی لایەنە ھونەرییەکانیان فەرامۆش کردووە.
ئێمەی شێوەکاران ناتوانین کەلوپەلەکانی تایبەت بە نیگارکێشان و رەنگ بە کوالێتییەکی باشەوە لە ھەولێر بەدەستبێنین و ناشتوانین لە دەرەوەی وڵات بیانکڕین، بۆیە پێمباشە لەم پێشانگەیانەدا ھونەرمەندانیشیان لەبیر بێت. نیگار وەھای گوت.
راپۆرتی تایبەت بە پێشانگەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.