ئەمڕۆ هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو و تێیدا عومەری سەید عەلی بۆ جاری دووهەم بە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە.
لە هەڵبژاردنەکاندا، عومەری سەیید عەلی بە ٢٨ دەنگ بەرامبەر ١٢ دەنگی شۆڕش حاجی، بوویەوە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
هەر ئەمڕۆش هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن بەڕێوەچوو و تێیدا عەدنان عوسمان بە سکرتێری جڤاتی گشتی و جەلال جەوهەر بە سکرتێری فراکسیۆنەکان و دەرباز محەمەد بە بە سکرتێری کاروباری ژوورەکان وشەماڵ عەبدولوەفا بە سکرتێری کاروباری باژێڕەکان هەڵبژێردران. برزۆ محەمەد بوو بە سکرتێری کاروباری خەڵک و پێشتریش جەمال حاجی محەمەد لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی جڤاتی گشتیدا بە سکرتێری جڤات هەڵبژێردرابوو.
ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، کارزان گەردی بۆ میدیاکان دواو و باسی لەوە کرد "هیچ ناڕەزایی و گلەییەک لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نەبووە و لە کەشێکی هێمندا بەڕێوەچووە."
هەروەها عەدنان عوسمان کە بە سکرتێری جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا باسی لەوە کرد "بڕیاردراوە لەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان سازبکرێت."
ئەمڕۆ شەممە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانیدا بەڕێوەچوو و تێیدا عومەری سەیید عەلی بە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ جاری دووهەم هەڵبژێردایەوە.