فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوردومانی دۆڵی باڵەیانی کرد نزیک گوندی و قەڵا و رەزوێکەی سەر بە ناحیەی قەسرێ ، بەو هۆیەوە زیانێکی زۆری بە ڕەزو و باغ و ڕێگا و کارەبای ناوچەکەی گەیاند و وەک خەڵکی ناوچەکە باسی لێوە دەکەن ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج کە گەریلایەکی تێدا بووە.
ئەحمەد قادر قایمقامی قەزای چومان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هەر کاتێک ئەو هێزانە لەشوێنی هاووڵاتیان نزیک ببنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە فڕۆکەکانی تورکیا بوردومانی ئەو شوێنانە بکەن و دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیان بەپڕۆژی خزمەتگوزاری و ڕەز و باغ و خانووی هاونشتیمانیان بکەوێت لە کاتێکدا کە ئیدانەی ئەو جۆرە بوردومانانە دەکەین کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاونشتیمانیان دەکەنە ئامانج لە هەمان کاتیشدا داوا لەو هێزانە دەکەین کە خویان بپارێزن لە نزیک بوونەوە لە ئاوەدانی و شوێنی نیشتەجێبوون و ماڵی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی هاووڵاتیانمان دووچاری ئەو جۆرە زیانانە نەبنەوە.
لەلایەکی ترەوە دانا قەڵاتی دانیشتووی ئەو گوندەی نزیک بوردومانەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت،فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بومبارانێکی چڕی کرد نزیکەی دە موشەکیان تەنها لە شوفێر و ئۆتۆمبێلێک درا دیارە هەڤاڵێکی گەریلا لەوێ بوو هیچ بنکە و بارەگایەک لەو ناوچەیە نەبوو تەنها ئەو ئۆتۆمبێلە و یەک کەسە بوو، بووە هۆی تێکدانی ڕێگا و کارەبای سەرجەم گوندەکانی ئەو دەڤەرە پچرا کە نزیکەی سێزدە گوندە و زیانێکی زۆری مادی هەبوو، دلەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو چونکە ژن و منداڵ لەوێ هەبوون ماڵەکان زۆر نزیکن لەوێ سەرەتا وامانزانی ئەو هاووڵاتیانەی گوندەکەی خومانن ئێمە زۆر ترساین دوایی پەیوەندیان کرد گوتیان سەلامەتن.