بێگومان بۆ زانیاری ورد و بابەتیانە لەسەر تایبەتمەندێتییەکانی شیعر لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی تەمەنیدا پێویست بە پێداچوونەوەیەکی چڕوپڕی سەروەختی پێش خۆی دەکات و هەروەهاش مەرجە بزانرێت قسە لەسەر کام پانتاییەی ئەو قۆناغە شیعرییە دەکرێت.
ئەڵبەتە دەشێت هەمان بنەما بۆ تایبەتمەندێتییەکانی شیعر لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بەکاربهێنرێت، بەڵام لێرەدا پێویستە شارەزاییەکی زۆر هەبێت لە شیعری شاعیرەکانی ئەو نەوەیەدا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور و باشوری نیشتمانی دابەشکراودا.
بەشێکی گەورەی تایبەتمەندێتی لە شیعردا ئەو خۆ جیاکردنەوەیەیە لە هێڵ و پانتاییە گشتییەکانی شیعر، وەک ئەوەی لە قۆناغی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕیندا دەبینرێت لە هەرێمی کوردستان، کە بە ئاسانی هەست بەو جیاوازییە لە زمان و تەکنیکی نوسین و فۆرمی شیعردا بەدی دەکرێت.
ئەڵبەت هەبوونی گۆڕانکارییەکان و دەستکاریکردن و گواستنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر بێ گرفت و تەگەرە نەبووە، لەو ڕوانگەیەوەی کەم نەبوون ئەوانەی بەرەنگاری هەموو نوێبوونەوەیەکیان دەکرد بە پاساوی پاراستنی یاسا و ڕێساکانی شیعرەوە و داکۆکییەکی سەر سەختیان لەو قۆناغە دەکرد کە تیایدابوون. هەر بۆیە لە ئێستادا یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا ئەگەر شاعیرێک جارێکی تر سەرلەبەری شیعر هەڵبوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بۆ بکاتەوە بەپێی ئەو ڕوانینە نوێیانەی دەیبێت، ئایا ڕووبەڕووی هەمان تەگەرە و بەرەنگاربوونەوە دەبێت یان نا؟!
فراوان بوونی پانتاییەکانی شیعر بۆ داهێنان گەلێک گرنگن بەڵام هەندێک ڕا هەن باس لەوە دەکەن کە لەسەر دەستی هەندێک لە شاعیرەکانمان شیعر بەرەو بچوکبوونەوە دەبەن، وەک دڵشاد عەبدوڵای شاعیر دەنوسێت "شیعری کوردی یەک جەستەیەو ڕۆحەکان جودان، کەچی ئەوەی دەیبینم پێچەوانەی ئەم لۆجیکەیە، لەبێ بەرپرسیاریەتی شاعیران خۆیان و نائامادەیی ڕەخنە خەریکە ئەو سامانە نەتەوەییە دەبێتە هی گەڕەک و ناوچەکان."
دڵشاد عەبدوڵا ئەو شاعیرەیە بە شیعر لەگەڵ بوون و نەبووندا دەدوێت و جوانییەکان لە ژیان و لە مەرگیشدا ڕاڤە دەکات و بە زمانێکی سادەی شیعر ئامێز لەگەڵ خوێنەرانی خۆیدا دەکەوێتە دیالۆگ و خوێنەریش بەخۆی بزانێت یان نا لەبەردەم پرسیارەکانی ئەم شاعیرەماندا دەکەوێتە بەردەم پرسیارگەلێک کە پڕن لە قوڵایی.
شیعر لای دڵشاد عەبدوڵا، هەر تەنها دەربڕینێک نییە لە وێنەیەکی شیعریدا یان لە چەند دێڕە شیعردا، بەڵکو قاڵ بوونەوەیە لە ڕۆشنبیرییەکی فراواندا کە کۆڵەکەکانی بریتین لە تێگەیشتن لە ئەفسانەکان و دنیابینی نوێ و ئاگاداری لە نوێکارییەکانی ئەم ژانرە فەرهەنگییە گەورە و گرانەدا.
لای دڵشاد عەبدوڵا، شیعر هەرگیز خۆی نابەستێتەوە بە ڕەوشێک یان سەردەمێکی دیاریکراوەوە و ئەوەی بۆخۆم وەک خوێنەرێک هەستی پێدەکەم، هەمیشە ئەم شاعیرەمان بە ترسێکی زۆرەوە دەنوسێت، ترس لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە شیعر، چونکە بەردەوام دەخوازێت وێنەیەکی تەڕوبڕ و پڕ لە جموجۆڵ و بزێوی هەبێت لە دنیای شیعردا، ئەڵبەتە ئەمەش بەو مانایەی هەر تەنها ئەوە گرنگ نییە کە شیعر بنوسیت، بەڵکو گرنگتر پاراستنی بەهاکانی شیعرە.
بەرهەمە شیعرییەکانی ئەم شاعیرەمان لە ئاکامی ڕامان و بیرکردنەوەکانە لە وێنەکان و بەکارهێنانی زمانە، بە شێوەیەک بارە باو و نەریتییەکان فەرامۆش دەکات و دەکەوێتە سەمایەکی نەرم لەسەر ڕیتم و ئاوازی ڕۆشنیری و لێرەوە هەنگاوی خۆی دەنێت بەرەو تێکشکاندن و خاپورکردنی هەموو بتە ڕەگ داکوتراوەکان.
ئایا دەشێت هەموو شاعیرێک بە ڕچە شکێن ناودێر بکرێت؟
ئایا دڵشاد عەبدوڵای شاعیر، ڕەخنەی لە ڕەخنەی ڕژد هەیە؟
ئایا قۆناغی شیعری پێشڕەوی (تەلیعی) درێژەی هەیە؟ بۆچی؟
دڵشاد عەبدوڵا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: