Accessibility links

بازگەکانی هەرێمی کوردستان و دیاردەی ڕێگەگرتن لە خەڵک


ئەمە یەکەمین جار نییە لەو بازگانەی لە دەڤەری زەردن ڕێگری لە کەسایەتییەکان بکرێت لەوەی بچنە ناو شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی لایەنەکەیدا دەچووە شاری هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێگری لێکراوە گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیش پاش ناردنی نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کە تیایدا داواکراوە ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بدات، کۆبوونەوەکەی خۆی نەکرد و شوێنی کۆبوونەوەکەشی گواستۆتەوە بۆ شاری سلێمانی.

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت کەمترین مافی خەڵک لە وڵاتی خۆیدا بریتیە لە ئازادی هاتوچۆکردن و دەشڵێت ئەوەی بەرامبەر مەحمود سەنگاوی ڕوویدا بریتیە لە ڕێگەگرتن لە ئازادی کەسێک کە پۆستێکی سیاسی هەیە.

لەتیف شێخ عومەر دەڵێت، هەموو جێبەجێکردنی یاسایەک و هەروەها یاسا شکێنی ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات و بگاتە ئەنجام و پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێگری بکات لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە.

هەر ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو جۆرە ڕووداوانە دەکات.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت زانیاری نییە لەسەر وردەکاریی لێکۆڵینەوەکان و تا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن و تا بەدواداچونێکی تەواو بۆ ئەو ڕووداوە نەکرێت، وەک دەڵێت هێشتا شتەکان لەبەردەم حکومەتدا ڕوون نین و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان دەکات.

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری سلێمانی تەقە لە بارەگای لقی چواری پارتی دەکرێت و وتەبێژی یەکێتیش ئەو کارە بە بەکارێکی نابەرپرسانە ناودێر دەکات.

دووابەدوای ئەو ڕووداوانە قسە و باسەکان جارێکی تر لەسەر دۆسێی کەرت بوونەوەی حکومەتی هەرێم گەرموگوڕ بوونەوە، بەڵام دکتۆر جوتیار عادل و لەتیف شێخ عومەر جەختیان کردەوە لەوەی نە حکومەتی هەرێم بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیەی هەیە و نە یەکێتی نیشتمانیش دەخوازێت ئەو جۆرە ئەزمونەی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا دووبارە ببێتەوە.

مەحمود سەنگاوی، پێشتر ڕەخنەیەکی زۆری لە پارتی و سەرۆکی پارتیش گرتووە، ئێستاش کەم نین ئەوانەی دەڵێن بەهۆی ئەو ڕەخنانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی کردووە لەوەی بچێتە هەولێرەوە و دەشڵێن کارێکی لەوجۆرە نەدەکرا، ئەگەر گەورە بەرپرسێکی پارتی بڕیاری نەدابێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵلەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەروەهاش دکتۆر جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:58 0:00


XS
SM
MD
LG