نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1945 کارێک زۆری کردووە و هەوڵێکی زۆریشی داوە بۆ راگرتنی ئاشتی و ئاسایش لە سەرانسەری جیهان. کۆبۆنەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی ئاسایش کە ئەوەندە لە رێبەرانی جیهان تێدا کۆدەبنەوە، ئایا هێشتا ئەو رێکخراوەیە کە جاران قسەی دەرۆێشت و بریارەکانی کاریگەر بوون یان وەکو یانەیەکی لێهاتووە بۆ دیدار و چاو پێکەوتن؟
ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو خۆێ ماوە یان سەربەخۆیی لە دەست داوە؟
بەو پێیەی گوایە ئەمەریکا بەشێکی زۆر لە بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین دەکات، تا چەند لە دەرئەنجام لەسەر بریارەکانی کاریگەری هەبوو و وەکو باس دەکرێ بوەتە ئامرازێک بە دەستی ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی تر و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیاندا دەخولێتەوە؟
کورد بە چ شیوەیەک دەتوانی وە یاخود رێگاێ پێی دەدرێت لەو جۆرە کۆبۆنەوانەدا کەڵک وەربگرێت؟
دیارە لەو کۆبۆنەوانەدا هەر رێبەرێک ووتاری ئامادەکراوی خۆێ هەیە، تا چەند ئەو وتارانە قورسایی خۆیان هەیە یان لەوانەیە چەواشەکار و دوور بن لە راستی یان وەکو کچە تەمەن 16 ساڵە سویدیەکە دەڵێت ووتارەکانیان هەموو پووچە؟
سەرۆک کۆماری عێراق کە کوردە و بە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشداری دەکات، جگە لە باسی عێراق بەگشتی، ئاشتی و ئاسایش و شەڕی داعش، دەتوانی باسی کورد و داخوازیەکانی کورد لە دیدارەکانیدا بهێنێتە ئاراوە، یان وەکو دەڵێن جگە لە کارە ( تشریفاتیەکان) ی و وێنەگرتنەکان بەولاوە هیچی بۆ کورد تێدا نییە؟
هێمن سەیدی لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەلێت " ناتوانین بڵێن کە بە تەواوی ئەو گرنگیەی پێشووی نەماوە، ئێستاش لەگەڵ بێ شوێنێکی گرنگە بەڵام نەک بۆ بریار دان، بۆ کۆبۆنەوە و بۆ دیدار و بۆ لۆبی کردن، بۆ ئەوەی سەرۆکێک بتوانی هاوکات لە یەک رۆژ، دوو رۆژ و سێ رۆژدا دەیان و بگرە سەدان سەرۆک و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان ببینن،ئێستاس گرنگی هەیە هەندێک جار، بۆ وێنە قەدەغەکردنی فڕین لەسەر باشوری کوردستان لە کاتی سەدام یاخود لە سودانی باشور، ئێستاش شوێنێک سومبولیکە و کاریگەری لەسەر بیرورای گشتیش هەیە وە ئێستاش خەڵک لە سەرانسەری جیهان خەریکن ووتاری سەرۆکانی جیهان لە تریبیونی کۆری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوێ دەگرن ".
کاک هێمن هەر وەها دەڵێت " ناکرێ بڵێن سەربەخۆیی لە دەست داوە بەڵام کارامەیی وەکو جاران نەماوە، ئەو هیوایەی کە ساڵی 1945 دووای کۆتایی شەڕ بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو کە بریار وابوو کۆتایی بە شەڕ بێنی، تەنانەت هەندێ کەسان ئەوەندە گەشبین بوون دەیانووت کۆری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانی ببێتە پەرلەمانی جیهان، هیچ کامیان وە دی نەهات، هەم کۆری گشتی ئەو گرنگیە نەما واتە توانای بریاردانی نەما، بریارەکانی پیادەکراوو نیین، تەنها سمبولیکن، هەم ئەنجومەنی ئاسایش ئەو جۆرەی پێویست بوو دەیگووت تازە کۆتایی بە شەڕ لە جیهان دێنیت و ناهێڵین کردەوەی وەکو رابوردوو دووبارە بێتەوە، ئەوەش سەرکروتوو نەبوو".
کاک هێمن دەشڵێت " راستیەکەی بۆ وڵاتانی بچووک یان ئەو نەتەوانەی وڵاتیان نییە وەکو کورد وەکو فەلستینیەکان ئەو فورسەتە زیاتریشە، بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کە کورد بتوانی لە ماوەیەکی کەمدا لە ساختمانێکدا، لە شارێکدا دەیان سەرۆک وڵات یان دەیان سەرۆک وەزیران وە یا دەیان وەزیرانی دەرەوە ببینێت، ئەوە بۆ ئێمە، بۆ فەلستینیەکان دەرفەتێکی زۆر زۆر باشە وە ئەو تریبیونە گرنگە، هەم قسەی خۆمانی لێبکەین وە هەم ئەوەی قسەی دوژمنانی کورد لەوێ پووچەڵ کەینەوە ".