سەیرکردنی تابلۆ هونەرییەکانی ڕاستگۆیانە لەگەڵمان دەدوێن وەک بەشدارییە لە کەرنەڤاڵی ئەو ڕەنگانەی لە هەر پانتاییەکدا دابنرێن مانا پیرۆزەکانی خۆیان لەدەست نادەن.
کارکردنیش لەسەر تابلۆیەک، جۆرێکە لە جۆرەکانی شەڕی هەست و نەست لەگەڵ پرسیارە بزێوەکانی ژیاندا، بە شێوەیەک بە سەرسامییەوە لە قوڵیی پرسیارەکان دەڕوانیت و پانتاییەکانی گەڕان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا لای ئێمەی بینەر گەورەتر و فراوانتر دەبن، گەڕانێک کە چێژێکی تایبەتی بە بینەرانی دەبەخشێت.
دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆری ئەو جارانەی لە تابلۆکانی وەهبی ڕەسوڵ، هونەرمەندی شێوەکار دەڕوانم، هەست دەکەم ڕەنگ و وریایی و هۆشیاری و کلتور و خەون و ژیان و بوون و ڕوناکی دەبەخشێتەوە لە بۆتەی ئەو مانایەی لە پێکهاتەکانی تابلۆکەیدا دەکەوێتە ئاخاوتن و سەرەتاتکێ لەگەڵماندا.
من بۆخۆم زۆر دەمێکە سەرسامم بە کارە هونەرییەکانی ئەم شێوەکارەمان، سەرسامییەکەشم لە تابلۆیەکی دەروێش عەبدوڵای دەف زەنەوە دەستیپێکرد و ئێستاش لەگەڵ بینینی هەر تابلۆیەکیدا ئاستی سەرسامییەکەم زیاتر و زیاتر دەبن، جا نازانم بەهۆی ئەوەوەیە کە وەهبی ڕەسوڵ کاتیک دەستکاری کلتور دەکات دەخوازێت بە گۆڕانکارییەکی پڕ لە جوانکارییەوە پێشکەشی بکات، یان شەڕەکانی لەگەڵ بیناییدا دەیکات، هێندە ڕەنگاڵەیی و ناسکن کە ناتوانیت لەبەردەمیاندا چاو بتروکێنێت، یان بە هۆی ئەوەوەیە کە بەهاکانی ڕەنگت بۆ دەژمێرێت، یان ئەوەی لەهەر تابلۆیەکیدا دەخوازێت زەمینێکی نوێمان بۆ بێنێتە ئاراوە و ناوی لێ دەنێت زەوی ژیان دۆستی و وەرن بگوێزینەوە بۆ ئەو زەویە، یان ئەو واتا باڵایانەن کە بەشوێنیاندا دەگەڕێین، یانیش ئەو خۆشەویستی و سۆز و ڕێزەیە کە ئەم هونەرمەندەمان هەیەتی بۆ بینەرانی تابلۆکانی، یان دنیابینیەکەی وەهبییە کە سەرنجی هەموومان ڕادەکێشێت بەلای خۆیدا.
وەهبی ڕەسوڵ، هەر تەنها وەک هونەرمەندێکی دەست ڕەنگین لەو بوارەی خۆیدا کار ناکات، بەڵکو دەشخوازێت لەڕێی نوسین و لێکۆڵینەوە هونەریەکانیشیەوە تێگەیشتنێکی زیاترمان پێببەخشێت سەبارەت بە چۆنیەتی خوێندنەوەی تابلۆکان و هەروەهاش زانیاری پێدان لەسەر تایبەتمەندێتیەکانی هونەرمەندان و تیۆرییە هونەرییەکان و گەشەکردنی هزری تاکە کەسەکان، کە بە دوور نازانرێت ئەم جۆرە کارانە یارمەتیدەرێکی سەرەکیش بن لەوەی هونەری شیەوەکاری ببێتە خاوەن زمانێکی تایبەت بەخۆی لەسەر بنەمای دەستە و تاقمە هونەرییەکان، وەک هەندێک لە هونەرمەندان لەوبڕوایەدان ئەو زمانە دەستیپێکردووە هەندێکیش دەڵێن لە قۆناغی بەراییدایە بۆ دروستبوون، بەشێکی تریش پێیان وایە ئەو زمانە هێشتا زۆری ماوە تا دروستبێت، بەو مەرجەی مێژووی هونەری شێوەکاریی کوردی ببێتە سەرچاوە سەرەکییەکەی و لەوێشەوە بڕوات بەرەو بەرهەمهێنانی زمانی تێۆری هونەر.
کەم کەس هەن لە توانایاندا بێت بتوانن بە زمانێکی هونەریانە بنوسن، ئەگەر بە وردی نەچووبنە قوڵاییەکانی هونەری شێوەکاری و بە ئاگا نەبێت لە هونەری شێوەکاری لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و جیهانیش.
جا لێرەدا ناکرێت ڕۆڵی وەهبی ڕەسوڵ نادیدە بگیرێت لەوەی کە ژێرخانێکی گەورەی بۆخۆی دروستکردووە، هەر بۆیە کە نوسینێک یان کتێبێکی هونەریی ئەم هونەرمەندەمان دەخوێنیتەوە دەبینیت پوخت باس لە هونەر دەکات بەبێ هانا بردن بۆ ژانرەکانی تری ئەدەب و بەکارهێنانی دەستەواژە و ڕوانینەکانی هەن لەسەر تێکستێکی تایبەت بە هونەر.
ڕەخنە و لێکۆڵینەوە هونەرییەکان ڕۆڵی خۆیان هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی هونەرمەند و نیشاندانی ئەو ڕێگەیانەی ئافراندن لای هونەرمەند بەرینتر دەکات. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هونەری شێوەکاری کوردیدا وەک هونەرمەندان خۆشیان باسی دەکەن ڕەخنەی هونەری نەیتوانیوە بە هەمان ئەندازە هەنگاو بنێت کە هونەرمەند بتوانێت وەک پاشخانێکی مەعریفی لەلای خۆی بیهێڵێتەوە و نەخشەڕێژی لەسەر بکات بۆ ئایندەی خۆی.
ئایا هەموو سەروسەوداکردنێکی شیعریانە لەگەڵ تابلۆدا بە مانای ئافراندن دێت لە هونەری شێوەکاریدا؟
بۆچی تا ئێستا کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی مۆزەخانەیەکی نیشتمانی بۆ هونەری شێوەکاریی؟
ئایا لە نێوان سود وەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان و پاراستنی تایبەتمەندێتی، کامیان بۆ هونەرمەندی جیهانی گرنگترە؟
وەهبی ڕەسوڵ، هونەرمەندی شێوەکار و نوسەر، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: