Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر عیزەدین موستەفا ڕەسوڵ


"هەشتا و پێنج ساڵ تەمەن و نوسینی زیاتر لە نەوەت کتێب و هەزاران وتاری ڕوناکبیری و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی" دەشێت ئەمە بکرێتە سادەترین پێناسە بۆ ئەو نوسەر و ڕوناکبیرەی مەرگ ناتوانێت لە ئێمەی داببڕێنێت.

دکتۆر عیزەدین موستەفا، ڕەسوڵ ڕۆژی سێی مانگی دەی ئەمساڵ دواهەمین ڕۆژی ژیانی بوو لەم جیهانەی ئێستاماندا و بە هێمنی ماڵئاوایی کرد و کەوتە ڕێ بۆ سەفەرێک کە ئیتر ناگەڕێتەوە ناومان، بەڵام بەهۆی تەواوی بەرهەمەکانیەوە، هەمیشە ئامادەیی هەیە لەناوماندا.

دکتۆر عیزدەین موستەفا ڕەسوڵساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و دوا ناوەندیشی هەر لەوێ تەواو کردووە. دواتر لەسەر داوای مەلا موستەفای باوکی دەچێتە کۆلیژی شەریعە لە بەغدا. هەر لە یەکەم ساڵی خوێندنەکەیدا لەو کۆلیژە بەهۆی تێکەڵبوون و چالاکی و جموجۆڵی سیاسییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندنەکەی بدات و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و دەست دەکاتەوە بە خوێندن لە پۆلی چواری ئامادەیی. دکتۆر عیزەدین پاش ئەوەی لە شاری سلێمانی ژمارەیەک کار دەکات وەک کرێکاری و مامۆستایەتی، بەڵام هەر ئەو جموجۆڵە سیاسیانەی وەهای لێدەکات کە عێراق جێبهێڵێت و ڕوو لە وڵاتی سوریا بکات.

لە سوریا درێژە بە خوێندن دەدات و دوو قۆناغی کۆلیژی ژمانی عەرەبی دەخوێنێت و پاشان لە ساڵی 1958 پاش ڕوخاندنی ڕژێمی پادشایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.

میوانەکانی بەرنامە:


دکتۆر ئەحمەد ئابڵاخی، نوسەر و لێکۆڵەر

یاسین قادر بەرزنجی، هونەرمەند و نوسەر.

هەر لەو سەروەختەدا حکومەتی عێراق دەیان کەسی نارد بۆ خوێندن لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو. دکتۆر عیزەدین یەکێک بوو لەو خوێندکارانە و توانی لە خوێندنەکەیدا سەرکەوتووبێت و لە ساڵی 1963 دا بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بێنێت. دواتریش لە ساڵی 1979 دا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ مۆسکۆ و ئەمجارەیان بێ لەوەی بڕوانامەیەکی تری دکتۆرا بەدەست دێنێت، نازناوی پرۆفیسۆری پێدەبەخشرێت.

ڕەوانشاد، یەکێک بووە لەو نوسەر و ڕوناکبیرە سەرەکییانەی ڕۆڵێکی گەورە و گرانی هەبووە لە دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی کورددا. ساڵی 1969 دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نوسەرانی کورد مۆڵەتی یاسایی ئەو ڕێکخراوەیان وەرگرتووە. دوابەدوای بەیاننامەی یازدەی ئازار و گەڕانەوەی ژمارەیەک نوسەر، ئەم دەستەی دامەزرێنەر هەڵدەوەشێتەوە و لە ساڵی 1970 دا کە یەکەم هەڵبژاردنی یەکێتی نوسەرانی کورد کراوە، دەنگێکی زۆر دەهێنێت و دەبێتە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە. هەر خۆیشی یەکەمین ڕاگەیاندنی فەرمیانەی یەکێتی نوسەرانی کوردی نوسیوە.

دکتۆر عیزەدین، وەک ڕوناکبیرێک خاوەنی دەیان و بگرە سەدان لێکۆڵینەوەی گرنگی ئەدەبین کە بوونەتە سەرچاوەی باڵا بۆ توێژینەوەکانی تر و هەروەها بۆ خوێندنیش لە کۆلیژەکانی زمان و زانستە مرۆییەکاندا، وە وەک سەرچاوەیەکی ئێجگار گرنگ لێیان دەڕوانرێت بۆ پرۆسەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها عێراقیشدا.

هیچ دانیشتنێک لەگەڵ ئەم ڕوناکبیرەدا بە دانیشتنێکی ئاسایی هەژمار ناکرێت، بەهۆی ئاستی فراوانی زانیاریەکانیەوە، بەهۆی کراوەیی دید و بۆچوونەکانی و بەهۆی ئەو زمانە بێ گرێ و گۆڵەی پێی دەدوا، هەر بۆیە هەستت دەکرد لەپاش هەر دانیشتنێک و لەپاش هەر وتووێژێک و لەپاش هەر وەڵامی پرسیارێکەوە، کۆمەڵێک شتی نوێ لەم زانا ئەدیبەمانەوە فێردەبین.

دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:24 0:00


XS
SM
MD
LG