تورکیا هێرشەکانی خۆی دەستپێکرد بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە "ڕۆژئاڤا" ناسراوە.
تورکیا بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران دەستی بەو هێرشانە کرد و دواتریش لەشکر و هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان هێرشی زەمینیان دەستپێکرد.
تورکیا دەڵێت پاراستنی سنورەکانی ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشانەیەتی بۆسەر ناوچە کورد نشینەکانی سوریا و هەروەهاش نیشتەجێکردنەوەی ئەو پەنابەرە سوریاییانەی لە تورکیادان.
وەک زۆرێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە، لەوەتای ساڵی 2011 ەوە کە قەیرانی ناوخۆیی سوریا دەستیپێکردووە هیچ کێشەیەکی ئاسایشی لەو ناوچە سنوریانەدا بۆ تورکیا دروست نەبووە.
ئەمە بێ لەوەی گەورە کاربەدەستانی کورد لە بەڕێوبەرێتی خۆسەری جەخت دەکەنەوە لەوەی ئامانجی تورکیا لە نیشتەجێکردنەوەی پەنابەرەکان لەو ناوچە سنوریەدا گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە.
کاربەدەستانی تورکیا نکوڵی دەکەن لەوەی مەبەستیان ئەو گۆڕینە دیمۆگرافیە بێت لەو ناوچەیەدا.
میوانەکانی مێزگرد:
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دکتۆر ئەحمەدی مەلا، نوسەر و لێکۆڵەر.
ئەم هێرشانەی تورکیا بۆسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا چەند رۆژێک دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ کشانەوەی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سوریا.
ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی لەناو ئەمریکادا دروست کرد و گازەندەیەکی زۆریش ئاڕاستەی سەرۆک کرا و ئەو بڕیارەش وەها دانراوە کە پشت کرایە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا.
دیموکراتەکان و کۆماریەکانیش لەناو ئەمریکادا وەک یەک کاردانەوەیان هەبووە و بە هەمان ئەندازەش پشتیوانی خۆیان بۆ کورد دەربڕیوە.
ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهانی عەرەبیش بە هەمان شێوە ئەم کردە لەشکرییەی تورکیایان بە پێشێلکاری ناودێر کردووە و داواش دەکەن ئانکەرە دەستبەجێ کردە لەشکرییەکەی کانی ئاشتی ڕابگرێت.
لەگەڵ هەموو ناڕەزاییە نیونەتەوەییەکانیشدا بەڵام تورکیا هەر بەردەوامە لە هێرش و بۆردومان و تۆپبارانیش.
ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپایی هەموو سەروسەودایەکی فرۆشتنی چەکیان بە تورکیا ڕاگرتووە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا هێشتا سورە لەسەر پیادە کردنی هەموو ئەو پلان و سیاسەتانەی هەیەتی.
ئایا تورکیا دەتوانێت تەواوی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت لەم کردە لەشکریانەیدا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا؟
ئایا لەپاش ئەم هێرشانەی تورکیا دۆسێی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلانی ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئایا ئێستا کاتی ئەوە نییە کورد وەبەرهێنانێک بکات لەو پشتیوانیە بێ ئەندازەیەی هەیە بۆی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی؟
دکتۆر ڕێبوار فەتاح و دکتۆر ئەحمەدی مەلا، لەم مێزگردەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەدەنەوە: