تورکیا لەگەڵ ڕوسیاشدا ڕێکدەکەوێت لەسەر ڕەوشی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان ڤلادمیر پوتن و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کە ڕۆژی سێشەممە لە سوچی کرا، وەک وەزیرەکانی دەرەوەی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند لەسەر ژمارەیەک خاڵ ڕێککەوتوون و وەک دەڵێن، ڕوسیا چاودێریکردنی هەرێمی پارێزراوی ناو سوریا لە ئەستۆ دەگرێت.
هەر بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان مۆسکۆ و ئانکەرە، پێویستە هێزە کوردییەکان لە ماوەی 150 کاتژمێردا لە تەواوی ناوچە سنورییەکاندا بکشێنەوە و لە قوڵایی دە کیلۆمەتردا سەربازە ڕوسیایی و تورکیاییەکان چاودێریی ناوچە سنورییەکان دەکەن.
ئەمانە بێ لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنی ئەدەنە، هەروەهاش گێڕانەوەی پەنابەرە سوریاییەکان بۆ ئەو ناوچەیەی بە هەرێمی پارێزراو ناودێر دەکرێت، چەند خاڵێکی تریش.
یەکێک لە خاڵە سەرنج ڕاکێشەکان لەو بەندەدایە کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم. بۆچی؟
چەمکی تێرۆریزم یەکێکە لەو چەمکانەی پێناسەی جیاوازی هەیە لەلای هەر وڵاتێک، وڵات هەیە هەموو نەیارەکانی خۆی بە تێرۆریست ناودێر دەکات، هەندێک وڵات تێرۆریزم لە ڕێکخراوە ئیسلامیە فەندەمێنتاڵیەکاندا دەبینن، لای تورکیاش بۆ نمونە هەموو هێزێکی کوردی بە تێرۆریست دادەنێت (ئەڵبەت بێجگە لەو چەکدارە کوردانەی تا ئێستا بەرنامەی کاری حکومەتی تورکیادا جێبەجێدەکەن).
لە تورکیا هەر کوردێک، یان کاربەدەستێکی کورد دەستگیرکرابێت، دادپارێزی گشتی، ئەگەر تاوانی تێرۆریزمیان نەداتە پاڵ، ئەوا بە تاوانی یارمەتی و کۆمەک کردنی تێرۆریزم دەیانداتە داگا.
پێشتر تورکەکان لەگەڵ ئەمریکاشدا ڕێککەوتنێکیان مۆر کرد و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە 120 کاتژمێر ئاگربەست ڕاگەیەندرا، هەرچەندە هەندێک شێکەرەوەی سیاسی بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لێیان دەڕوانی نەک ڕێککەوتن.
بڕیارە ئەمریکا ئەو سزایانەی سەپاندبوونیە سەر تورکیا لایانبدات.
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت پاش ئەوەی ئاگربەستی نێوان تورکیا کوردی سوریا جێگیربوو و شەڕ وەستا، ئەوا ئەو سزایانەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا سەپێندرانە سەر کاربەدەستانی تورکیا (سێ وەزیری حکومەتی تورکیا) هەڵدەگیرێن.
دانۆڵد ترامپ لە لێدوانەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا لە کۆشکی سپی جەختی کردەوە لەوەی مەگەر شتێک ڕووبدات ئەمریکا پێی خۆش نەبێت، دەنا سزاکان لەسەر تورکیا هەڵدەگیرێن.
کرملن دەڵێت ئەگەر کورد لەو ناوچانە نەکشێنەوە بەو پێیەی لە ڕێککەتنەکەدا لەگەڵ ئانکەرەدا هاتووە، ئەوا ڕووبەڕووی هێرشی تری تورکیا دەبنەوە.
هەرچۆنێک بێت، هاوکاتی ئەو ڕێککەوتنانە، داواش هەن تا هێزی نێونەتەوەیی چاودێر بێت لەو ناوچە پارێزراوەدا.
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی داوا دەکات هێزی سەربازیی یەکێتی ئەوروپا ڕەوشی ئاسایشی لە هەرێمی پارێزراوی ناو سوریادا بپارێزێت و ئەو ئەرکەش بە ئەرکی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەزانێت، نەک ئەوەی تورکیا بە تەنیا بیکات. بەریتانیا و فەڕەنساش هەمان داوایان هەیە.
لە هەردوو ڕێککەوتنەکەی تورکیادا لەگەڵ ئەم دوو زلهێزەی جیهاندا وەک چاودێر دەڵێن کورد و ڕۆڵی کورد بە هێند وەرنەگیراوە.
لەو ڕێککەوتنانەدائەو ناوچانە دابەشکراونەتەوە لە نێوان ڕوسیا و تورکیا و سوریادا، واتە تەواوی ئەو ناوچانەی کورد لە سوریادا (ڕۆژئاڤا) شەڕی قورس و خوێناوی تیاداکردن بۆ ڕزگارکردنیان لە تێرۆریستانی دەوڵەتە ئیسلامییەکەی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی.
ئەگەرچی لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری هەر ڕووداوێکدا لەو ناوچەیەی جیهاندا دەستبەجێ باس لە ئەگەرەکانی گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە دەکرێت ، بە دواشیدا لێدوان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی ئەو وڵاتانە دەدرێن. ئەم ئەگەری گۆڕینی نەخشەکان وەک شیکەرەوە دەڵێن کەوتۆتە سەر سەر بەرژەوەندییەکان لە بۆری نەوتدا.
سەرۆک ترامپ دەڵێت هێزێکی کەمی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سوریادا دەمێننەوە بۆ پاراستنی کێڵگە و بۆرییە نەوتییەکان.
ئایا دوای ڕێککەوتنی تورکیا و ڕوسیا، مۆسکۆ دەبێتە بڕیاردەر لە ئایندەی سوریا؟
ئایا ڕوسیاش پشتی کردە کورد لە سوریادا؟
ئایا کورد لە سوریادا دەتوانێت مافەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەددا بەدەست بێنێت؟
ئایا لەپاش ئەم ڕووداوانەی سوریا، کورد دەتوانێت وێنەکانی خۆی لە قوربانییەوە، یان لە نەتەوەیەکی ستەم لێکراوەوە بگۆڕێت بۆ دۆسێیەکی سیاسی پوخت؟
دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: